نەتەوەیەکگرتووەکان: خۆمان بەرپرسیارین لە گۆڕانی کەشوهەوا

نەتەوەیەکگرتووەکان: خۆمان بەرپرسیارین لە گۆڕانی کەشوهەوا
بەهۆی گرنگی و هەستیاری بابەتەکە، نەتەوەیەکگرتووەکان لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوای خستە سەرەتای کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەرکردەکان یەکە بەیەکە گەیشتن بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە، هەندێکیشیان نیگەرانن، چونکە وڵاتەکانیان بوونەتە قوربانی دەستی کارەساتە سرووشتییەکان.

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، هەر شتێک بەسەر هەسارەکەماندا بێت ئەنجامی کاری دەستی خۆمانە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لووتکەکەدا رایگەیاند "نەوەی من شکستی هێناوە لە بەرپرسیارییەتی پارێزگاریکردن لە هەسارەکەی؛ دەبێت ئەمە بگۆڕدرێت، گۆڕانی کەشوهەوا کێبڕێیەکە ئێمە تێیدا دۆڕاوین، بەڵام کێبڕێیەکیشە دەتوانین بیبەینەوە، ئێمە خۆمان هۆکاری گۆڕانی کەشوهەواین، دەبێ هەر خۆشمان چارەسەری بکەین".

گرێتا سەندەر، بچوکترین چالاکڤانی بواری ژینگەش لە لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا گوتاری پێشکەشکرد.

ئەو زریانەی کە لە باهاماس ژیانی زیاتر لە هەزار کەسی لەگەڵ خۆی برد، سووتانی دارستانەکانی ئەمازۆن، تووانەوەی سەهۆڵی ناوچە ساردەکان و لافاو و گەردەلوولەکان کە ژمارەیەک وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە، گوتارەکەی گریتا سەندەری کاریگەرتر کرد.

گرێتا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد "نابێت من لێرە بم لەم دیوی زەریاکان، دەبێت لە قوتابخانە بم، هێشتا ئێوە چاوەڕێی هیوا لە ئێمەی گەنج دەکەن؟ چۆن دەوێرن وابکەن. بە بەرنامە بەتاڵەکانی خۆتان خەون و منداڵیی ئێمەتان دزیووە، خەڵک ئازار دەچێژن و وا دەمرن. ئیکۆسیستەمەکانیشمان وادەڕوخێن و لەسەرەتای لەناوچوونێکی بەکۆمەڵداین. ئەوەی ئێوە قسەی لەبارەوە دەکەن تەنیا پارە و چیرۆکی خەیاڵی گەشەی ئابووری هەمیشەییە، چۆن دەوێرن وابکەن؟"

نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە زیادبووندان و سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانیش داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد پابەندی رێککەوتنی گۆڕانی کەشوهەوای پاریس بن، پەنا بۆ وزەی خاوێن ببەن و ئەو کارگانە لەناوببەن کە دووکەڵی زیانبەخش بە جیهاندا بڵاودەکەنەوە.
Top