ئەورووپا لەسەر كێشەی پەنابەران هەڕەشە لە توركیا دەكات

ئەورووپا لەسەر كێشەی پەنابەران هەڕەشە لە توركیا دەكات
ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆكی پارتی خەڵكی ئەورووپا داوای لە توركیا كرد كارتی پەنابەران وەكو گوشار لە دژی یەكێتیی ئەورووپا بەكار نەهێنێ، چونكە ئەگەر شتی وا بكات، مەترسی بۆ سەر پەیوەندی ئابووریی توركیا و یەكێتیی ئەورووپا دروست دەبێت.

مانفرێد ویبەر سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی خەڵكی ئەورووپا لە دیمانەیەكیدا بۆ رۆژنامەی (welt am sonntag)ی ئەڵمانی، داوا دەكات ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ توركیا كراوە لەبارەی پەنابەرانەوە، تا دوای ٢٠١٩ش درێژەی هەبێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا هەفتەی رابردوو لە وتارێكدا ئاماژەی بەوە دابوو ئەگەر ناوچەی ئارام دروست نەكرێت، وەكو ئەوەی توركیا دەیەوێت، ناچارن دەرگا بەرووی پەنابەراندا بكەنەوە بچن بۆ ئەورووپا، بۆچی ئەو بارگرانیە تەنها لەسەر پشتی توركیا بێت؟ با ئەورووپاش ئەو بارگرانیە هەڵبگرێ.

مانفرێد ویبەر بۆ رۆژنامەكە دەڵێ دەكرێ ئەو رێژەیەی هاوكاری توركیای پێدەكەن بۆ ئاوارە سوورییەكان زیاد بكرێت، بەڵام قبووڵی ناكەن توركیا مامەڵەیان لەگەڵدا بكات و كارتی فشاریان لە دژ بەكاربهێنێ، ئەگەر توركیا شتێكی وا بكات، ئەوكات كاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندی ئابووری دەبێت.
Top