وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئامانجمان رێگەچارەی ئاشتییە لەگەڵ ئێران

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئامانجمان رێگەچارەی ئاشتییە لەگەڵ ئێران
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئامانجیان لەگەڵ ئێران رێگەچارەی ئاشتییە، بەڵام ئەگەر ئێران لەسەر هەڵسوکەوتەکانی بەردەوام بێت، ترەمپ بڕیارێکی پێویست دەدات.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی جارێکی دیکە هێرشەکانی سەر ئارامکۆی بە شەڕانگێزی ناوبرد و دەڵێت، "گرژی و ئاڵۆزیمان ناوێت، نامانەوێت لەگەڵ ئێران شەڕ بکەین، دۆناڵد ترەمپیش دەیەوێت بە رێگەچارەی دیپلۆماسی کێشەکانی ئێران چارەسەربکات".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو جیهان دەزانێت کە ئێران ئەکتەرە خراپەکەیە لە ناوچەکە و هۆکاری ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە نیویۆرک و بەر لەدەستپێکردنی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو قسانەی کرد کە بڕیارە سبەی دووشەممە دەستپێبکات و شاندی ئێرانیش بۆ ئامادەبوون لە لووتکەکە گەیشتوونەتە ئەوێ.

قسەکانی پۆمپەیۆ دوای هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ دێت لە سعودییە کە سەرەتا حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان راگەیاند و ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە گوایە هی کاتی ئەنجامدانی هێرشەکەیە. بەڵام ئەمریکا رەتیکردەوە ئەوە لە توانای حوسییەکاندا بێت و پەنجەی تۆمەتی بۆ ئێران راکێشا.

رۆژ چوارشەممەی رابردووش ئەمیر حاتەم، وەزیری بەرگریی ئێران لەدوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئاسایی حکومەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تووندی هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە ئێران بەشداربێت لە هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە.

وەزیری بەرگری ئێران راشیگەیاند "ئەوە خەونی سعودیە و ئیسرائیلە کە دەیانەوێت ئەمریکا رابکێشنە نێو شەڕێکەوە لە ناوچەکەدا".

پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەنهابوو لە بەکارهێنانی وشەی شەڕ و گوتاری تووند لە دژی ئێران، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا هاوشێوەی سعودیە و ئیمارات تەنها باسی سزای دەکرد و زمانێکی نەرمتری بەکاردەهێنا.
Top