خۆپیشاندانە شەوانەییەکان بۆ لادانی عەبدولفەتاح سیسی بەردەوام دەبن

 خۆپیشاندانە شەوانەییەکان بۆ لادانی عەبدولفەتاح سیسی بەردەوام دەبن


بۆ شەوی دووەم، خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی میسری بۆ لادانی سەرۆکی وڵات، بەردەوام بوو.

شەوی شەممە 21-9-2019، هەزاران هاووڵاتیی میسری لە شاری سوێس لە باکووری رۆژهەڵاتی میسردەستیان بە خۆپیشاندان کرد و داوای لەسەرکار لاچوونی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان دەکرد.

بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بە فەرمانی عەبدولفەتاح سیسی هەوڵی بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران و دەستگیر کردنیان داوە، شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروست بووە.

خۆپیشاندەران داوا دەکەن عەبدولفەتاح سیسی واز لە سەرۆکایەتیی وڵات بهێنێت و دروشمی بڕۆ (ارحل یا سیسی)یان بەرز کردبووەوە و زانیارییە بڵاو کراوەکانیش باس لەوە دەکەن، کە هیزە ئەمنییەکان گوللەیان بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران، بەکار هێناوە.

پێشتریش لە شەوی هەینی 20-9-2019، هەزاران هاووڵاتیی میسر لە شارەکانی قاهیرە، ئەسکەندەرییە، سویس و مەحەلەی گەورە لە باکووری قاهیرە، خۆپیشاندانیان دژی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی وڵات، ئەنجام دا.

خۆپیشاندەران دروشمی دوورکەوە سیسی (ارحل یا سیسی)یان بەرز کردووەتەوە، کە یەکەمجارە ئەو دروشمە لە دژی سیسی بەرز بکرێتەوە.

عەبدولفەتاح سیسی، کە بە کودەتا هاتووەتە سەر دەسەڵات، فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن.

دوای کۆتایی هێنان بە حوکمی حوسنی موبارەک، محەمەد مورسی، کە لە ساڵی 1951 لەدایک ببوو، بە هەڵبژاردن لە 2012 - 2013 بووە سەرۆکی میسر و ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-6-2019 لەکاتی دادگاییکردنی، گیانی لەدەست دا.

جەنەڕال عەبدولفەتاح سیسی، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەمەد مورسی، وەزیری بەرگریی میسر بوو، بە بەکارهێنانی سوپا لە ساڵی 2013 کودەتای بەسەر محەمەد مورسیدا کرد و خۆی وەک سەرۆک کۆماری میسر ناساند.

دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی میسر، رەوتی ئیخوان موسلیمین و محەمەد مورسی، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی، وەک تیرۆریست ناساند و دواتریش ئەو رەوتە لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات، وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسنێندرا.






باسنيوز
Top