لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سعودیە دەکات

لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سعودیە دەکات
لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان رەوانەی سعودیە کراوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکانی سەر ئارامکۆ بکات، بەڵام دوای چوار رۆژ لیژنەکە تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەنهایە لە بەکارهێنانی وشەی شەڕ و گوتاری تووند لە دژی ئێران، لەکاتێکدا سەرۆکەکەی هاوشێوەی سعودیە و ئیمارات تەنها باسی سزا دەکات و زمانێکی نەرمتر بەکاردەهێنێت.

هۆکاری ئەوەش ترسی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەیە لە شەڕێکی سەرتاسەری کە سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەیەوە دەدات.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت "من لەو باوەڕە نیم کە هیچ هەڕەشەیەکی دیکە لە جیهاندا ئەوەندەی ئەوەی کەنداو جیددیتر بێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری جیهان. لەبەرئەوە بێگوومان ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رۆڵێکی گەورەی دەبێت".

هەرچی ئێرانە بێمنەت دەردەکەوێت لەشەڕ و رۆژی پێنجشەممە لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی سعودیە تەنها باسی فشاری نێودەوڵەتی دەکرد، وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی شەڕی سەرتاسەری کرد.

ئەو گرژییانە دوای ئەوە دێن، ئەمریکا سزای خنکێنەری سەپاند بۆ ناچارکردنی تاران کە دانوستاندن لەسەر رێکەوتنامەیەکی ئەتۆمی نوێ بکات کە بۆ ئێران هێڵی سوورە. ئەو سزایانە کارەساتن بۆ ئابووری ئێران لەکاتێکدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تاوەکو پێش ئەم هێرشەی ئارامکۆ کێشەیان نەبوو لە بەردەوامی ئەو سزایانە.

ئەم هێرشەی سەر سعودیە کە بازاڕی وزەی جیهانی هەژاند، وایکرد ئەمریکا و هەموو جیهان لەم دۆخە زەرەرمەندبێت. هێرشەکەی ئارامکۆ یاریەکەی گۆڕی و ئێستا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وەکو تاران زەرەرمەندن لەم دۆخە.

لەبەرئەوەش سعودیە و ئەمریکا پەنایان بۆ لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بردووە کە دەرئەنجامەکەی هەرچی بێت رووسیا لە ئێستاوە ئامادەیە گومان بخاتە سەری.

ڤاسلی نابینزیا، باڵوێزی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت "بە هەر شێوەیەک بێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی پێدەگات و ئێمە حوکم لەسەر ئەو دەرئەنجامە دەدەین".

هێشتا لیژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سعودیە هیچ بەڵگەیەکی نەناردووەتەوە بۆ نیویۆرک، باڵوێزی رووسیا پرسیار دەخاتە سەر شەرعیەتی کاری لیژنەکە کە تەنها لە چوار کەس پێکهاتووە.
Top