پیسبوونی هەوای ئیسپانیا بووەتە هۆی نیگەرانیی خەڵکی و یەکێتیی ئەوروپا
تەنها بارسێلۆنا نییە هەواکەی پیسە، بەڵکو خەڵکی مەدریدی پایتەختیش گلەییەکی زۆریان هەیە. کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا کەیسی سکاڵاکەی رەوانەی "دادگەی دادی ئەوروپا" کردووە بەتۆمەتی ئەوەی ئیسپانیا کاری پێویست بۆ پاراستنی خەڵکی وڵاتەکەی ناکات.
بەرپرسانی کەتەلۆنیا دەڵێن، کاردەکەن بۆئەوەی کوالێتی هەوا لە شارەکانی هەرێمەکەیان خاوێنتر بکەن.
ئیزابیل هێرناندز، بەڕێوەبەری رێگریکردن لە پیسبوون لە حکومەتی کەتەلۆنیا دەڵێت "ئەوەی هەمانە بەرهەمی ئەوەیە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا کارمانکردووە. ئەو رێکارانەی جێبەجێیان دەکەین زەحمەتن، خەرجی زۆریان دەوێت و پێویستە هاوئاهەنگیش لە ئاستی نیشتمانی و هەرێمایەتی و شارەوانی هەبێت. ساڵی داهاتووش دەست بە جێبەجێکردنی سنووردارکردنەکان لەناو شاری بارسێلۆنا دەکەین".
رێکارەکان بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی خەڵکی و یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی پیسی هەوا لەلایەن بەرپرسانی کەتەلۆنیاوە جیاوازن، بەڵام دەبێت هەموویان لە ماوەی 18 مانگدا تەواوبن.
بەڵێنی بەرپرسانی هەرێمەکەی ئیسپانیش خەڵکێکی زۆری خۆشحاڵکردووە.
ئانا دیل کاستیلۆ، چالاکوانی بواری ژینگەیە دەڵێت "دەکرێت گەشبین بین لەبارەی کەمبوونەوەی پیسبوونی هەوا، چونکە ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین چ شتێکە دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا و چۆنیش دەتوانین کێشەکە چارەسەربکەین. بەپشتبەستن بە ئەزموونەکانی رابردوو، دەزانین ئەگەر رێکاری تووند جێبەجێبکەین، ئەو کاتە دەکرێت ئاستی پیسبوونی هەواش کەم بکرێتەوە".
ئەم گلەییکردنە لە پیسبوونی هەوا لە کاتێکدایە، سبەی یەکشەممە رۆژی جیهانیی بێ ئۆتۆمبیلە و تێیدا داوا دەکرێت خەڵکی ئۆتۆمبیل بەکارنەهێنن و چەندین چالاکیش بۆ ئەو مەبەستە لە وڵاتان ئەنجامدەدرێن.
