ترەمپ ستایشی راوێژکاری نوێی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەکات
دۆناڵد ترەمپ لە لۆس ئەنجلوس رۆبەرت ئۆبراینی بە میدیاکان ناساند، رایگەیاند "رۆبەرت کەسێکی نایابە و یەکدی باش دەناسین، دەمێکە بەیەکەوە لە بواری بەبارمتەگیراوان کاردەکەین و دەستکەوتی گەورەشمان بەدەستهێناوە".
ترەمپ باسی لەوەشکرد، ئۆبراین چەندین بەبارمتەگیراوی گەڕاندووەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک خەرج بکات.
هەر لە کاتی قسەکردنیان بۆ میدیاکان، رۆبەرت ئۆبراین رایگەیاند، سەرکەوتنی گەورەمان لە سیاسەتی دەرەوە پێکەوە هەبووە، کە ئەوەش بەهۆی توانای سەرکردایەتیکردنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە. پێشبینیشی کرد لەسەر ئەو سەرکەوتنانەیان بەردەوام بن.
ئێوارەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، رۆبەرت ئۆبراینی وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا دەستنیشانکرد و بەو جۆرەش ئۆبراین جێگەی جۆن بۆڵتنی گرتەوە.
10ـی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەرەوە دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی راگەیاند. جۆن بۆڵتن-یش لە وەڵامدا رایگەیاندبوو، خۆی داوای وازهێنانی کردووە نەک دوورخرابێتەوە.
