دۆناڵد ترەمپ: بژاردەی زۆرمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لەبەردەستدایە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە رووداوی هێرشکردنەسەر ئارامکۆ کە تێیدا ئێران بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار دەکرێت گوتی: "بۆ مامەڵە لەگەڵ لەگەڵ ئێران بژاردەی زۆرمان لەبەردەستدایە، لەوانەش بژاردەی سەربازی. لە 48 کاژێری داهاتووشدا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنن".
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی لە مامەڵەی ئێران گرت و ئەو وڵاتەی بەوە تۆمەتبارکرد کە لەرێگەی ئەنجامدانی بۆردوومانەکانەوە بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە "کردەوەی جەنگی" ئەنجامداوە.
مایک پۆمپیۆ لەبارەی هێرشەکەی رۆژی شەممەی رابردووی سەر ئارامکۆ لە جەدەی سعودیە بە پەیامنێرانی راگەیاند، "ئەوە هێرشێکی ئێرانی بوو. بەختەوەربووین کە هیچ ئەمریکییەک لەو هێرشەدا نەکوژرا".
لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیشی بۆ سعودیە و ئیمارات گوتی، "ئەرکی من لێرە بریتییە لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەناوچەکەدا. ئێمە لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانیشمان کاردەکەین". ئاماژەی بەوەشکرد، کار بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرش و کارەکانی ئێران دەکەن.
لەبارەی ئەوەی حوسییەکان دەڵێن ئەوان ئەنجامدەری هێرشەکەن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "زانیارییە هەواڵگرییەکان متمانەی تەواویان هەیە کە ئەوانەی لەو هێرشەدا بەکارهێندراون چەکانێک نەبوون لەدەستی حوسییەکاندا بن".
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 18-9-2019 وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتەکەی ئاشکرادەکات و ئێران بە سپۆنسەری هێرشەکە ناودەبات.
تورکی ئەلمالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری سعودیە دەڵێت موشەکەکان جۆری" کرووز دەلتا وینگ"ـە و ناویان لێنراوە (یا عەلی)، دروستکراوی ئیرانن و حوسییەکانی یەمەن ئەو جۆرە موشەکەیان نیە.
