ترەمپ: بۆ بەرگریکردن لە سعودیە پارەی زۆرمان دەوێ

 ترەمپ: بۆ بەرگریکردن لە سعودیە پارەی زۆرمان دەوێ


سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بەرگریی لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەکات، بەڵام پێویستە ئەو وڵاتە پارەی زۆر دابین بکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئێستا لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە دەکرێت و ”چاوەڕێ دەکەین چ ئەنجامێک بە دەستەوە دەدات“.

دۆناڵد ترەمپ هەروەها رایگەیاندووە، هێرشەکەی سەر کۆمپانیای ئارامکۆ گەورە بوو، ”وەڵامدانەوەشمان زۆر گەورەتر دەبێ، بەڵام جارێ دەمانەوێ زیاتر دڵنیا بین“.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لە ئەگەری بەشداریکردنمان لە بەرگریکردن لە سعودیە، پێویستە سعودیە بە پارەی زۆر ئەمریکا رازی بکات و ”سعودییەکان ئەمە باش دەزانن“.

پێشتر بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاماژەیان بوە کردبوو، کە هێرشەکان لە عێراقەوە ئەنجام دراون، بەڵام نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەتی کردووەتەوە خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر سعودیە بەکار هاتبێت.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 14-9-2019، ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دوو دامەزراوەی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییان لە شارۆچکەی بەقیق لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، کردە ئامانج.

بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانەوە، دوو تەقینەوە لەو دوو کارگەیە روویان دا و ئاگرێکی گەورە کەوتەوە.








باسنیوز
Top