ئەردۆغان: بنکەی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی فورات ناهێڵین
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی رابردووی سوپای وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد و رایگەیاند، دەبێت هەسەدە لە رۆژهەڵاتی فورات نەمێنێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، "بە ئۆپەراسیۆنەکانی چڵە زەیتوون و قەڵخانی فورات، ئێمە بۆ سەروەری سووریا و ئەو مەترسییانەی لەسەر وڵاتەکەمان هەبوون گورزی گەورەمان وەشاند. لە ئیدلب رێگەمان لە تراژیدیایەکی گەورە گرت. ئێمە لە رۆژهەڵاتی فوراتیش بنکەی تیرۆر وشکدەکەین. بەوشێوە دەچینە قۆناخێکی نوێوە".
تورکیا و ئەمریکا لەبارەی رۆژهەڵاتی فورات و دروستکردنی ناوچەی ئارام تەبا نین و بۆچوونی پووتینیش جیاوازە کە راشکاوانە دروستکردنی ناوچەی ئارامی رەتکردەوە و بە دابەشکردنی خاکی سووریای ناوبرد.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، "بەدڵنیاییەوە نیگەرانین لە دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دۆخی ئەمنی ئەو ناوچەیە و ناوچەکانی دیکەی وڵات دەبێت تەنها لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەری و یەکگرتوویی وڵاتەکە بێت. ئێمە پپێمانوایە جێگای قبوڵکردن نییە سووریا بەسەر ناوچەی ژێر ئەزموونی ئەم و ئەو دابەشبکرێت".
سێ سەرکردەکە لەسەر زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە سووریا هاوڕابوون ئیدلب نەبێ، ئەردۆغان لەگەڵ هێرشی سەر ئیدلب نیە و رووحانی بە پێویستی دەزانێت.
سەرۆککۆماری ئێران دەستوەردانی دەرەکیشی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سووریا رەتکردەوە، بەدیاریکراویش پەنجەی بۆ هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە درێژکرد.
لەو بارەیەوە حەسەن رووحانی رایگەیاند "هەر سێ سەرکردەی سێ وڵاتی گەورەی ناوچەکە باوەڕیان وایە کە دەبێت رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریزم بەردەوامی هەبێت. هێشتا ئیدلب لەژێر دەسەڵاتی تیرۆریستەکاندایە و بەداخەوەش لەم چەند مانگەی دواییدا بوونی تیرۆریستەکان، بەتایبەتی بەرەی نووسرە لەو ناوچەیە زیاتر بووە. هەربۆیە گرنگە کە ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لەوانەش لە ئیدلب یارمەتی سووریا بدەین؛ هەروەها بابەتی رۆژهەڵاتی فورات و تەنف کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکیەکاندان و گرووپێکیش لە تیرۆریستەکان لەوێ بوونیان هەیە و دەسەڵاتدارن".
بۆ پێنجەم جار سێ سەرکردەکە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سووریا کۆبوونەوە کە هەشت ساڵە شەڕی تێدایە و بەو هۆیەوە سەدان هەزار کەس کوژراون و ملیۆنەها کەسی دیکەش بوونەتە ئاوارە و کۆچبەر.
کۆبوونەوەی ئەو سێ سەرکردەیە لەکاتێکدایە، ئەو هەوڵانەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە بۆ قەیرانەکانی سووریا دەدرێن زۆرن، بەڵام هێشتا هیچ کامیان شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیان بنبڕنەکردووە کە زیاتر لە هەشت ساڵە بەردەوامە و زیانێکی گەورەی بە خەڵک و ژێرخانی ئەو وڵاتە گەیاندووە.
