هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس شکستی هێنا
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس شکستی هێناوە و بڕیاری دووبارەکردنەوەی دەدرێت.
رۆژی یەکشەممە 15-9-2019، هاووڵاتییانی تونس چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان.
بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان، هیچ یەکێک لە 24 کاندیدەکە نەیانتوانیوەی رێژەی یاسایی %51 تێپەڕێنن و چاوەڕێ دەکرێ بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکە لە خولی دووەم، لە 29-9-2019، دەکرێ.
دەزگا چاودێرەکان باسیان لەوە کردووە، کە قەیس سەعید توانیویەتی زۆرترین رێژەی دەنگەکان (%19) بەدەست بهێنێت و نەبیل قوڕەویش، کە بەتاوانی خۆدزینەوە لە باج و سپیکردنەوەی پارە لە زینداندایە، %15ـی بەدەست هێناوە.
لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکە، نەبیل قوڕەوی و قەیس سەعید رکابەریی بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری تونس دەکەن.
ئەو ئەنجامانە کۆتایی نین و بڕیارە دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی سێشەممە 17-9-2019 ئەنجامی کۆتایی و فەرمی، رابگەیەنێت.
دوای کۆچی دوایی باجی قاید سەبسی، سەرۆکی تونس، پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیاری دا رۆژی 15-9-2019 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە وڵاتەکەی ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا ئەگەر ئەو بارە لە ناکاوە نەهاتبوایە پێش، هەڵبژاردنەکە لە مانگی 11ـی ئەمساڵ ئەنجام دەدرا.
تونس وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە باکووری کیشوەری ئەفریقیا. هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی لیبیا لە باشووری رۆژهەڵات و جەزائیر لە رۆژئاوا. ئەو وڵاتە سنوورێکی فراوانی لە رۆژهەڵاتەوە بە باکووری رۆژهەڵات تا دەگاتە باکوور و باکووری رۆژئاوا، کەوتووەتە سەر ئاوی دەریای ناوەڕاست.
باسنيوز
