هەسەدە وەڵامی تۆمەتەکانی وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەداتەوە

هەسەدە وەڵامی تۆمەتەکانی وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەداتەوە
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە نامەیەکدا کە ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردبوو هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەی بە سەرکوتکردن، داپڵۆسین و درێژکردنەوەی جەنگ تۆمەتبارکردبوو، هەسەدەش دەڵێت، وەزارەتی دەرەوە هەوڵی شێواندنی رای گشتیی جیهان و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەدات، تۆمەتەکان بنەمایان نییە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 15/9/2019، فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "جارێکی دیکە رژێمی سووریا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە هەوڵی شێواندنی رای گشتی جیهانی و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەدات، ئەوەش لە رێگەی ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ هێزەکانمان کە هیچ بنەمایەکی راستیان نییە. دووپاتیدەکەینەوە ئەو تۆمەتانە ساردمان ناکاتەوە لە بەردەوامیدان بە ئەرکەکانمان لە لەناوبردنی تیرۆر".

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوەکردووە، "لای رای گشتی شاراوە نییە پێش دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکرت دانیشتوانی ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هێزەکانی رژێم و دامودەزگا ئەمنییەکان لەڕێگەی راپەڕینێکی ئاشتییانە لە ساڵی 2012 وەدەرنران. کاتێک هێزەکانی سووریای دیموکرات وەڵامی بانگەوازی دانیشتووانەکەی دایەوە بۆ رزگارکردنیان لە دەست تیرۆری داعش، رژێمی سوریا هیچ گرنگییەکی پێنەدا و ئەو کات هێزەکانی سەدان کیلۆمەتر لە ناوچەکە دووربوون، سەرقاڵی پاراستنی ناوەندی دەسەڵات بوون لە پایتەخت، خەڵکەکەیان بەجێهیشتبوو و بەدەست تیرۆری بەهێزترین هێزی وەحشیانەی جیهانەوە دەیانناڵاند".

لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەشهاتووە "هەسەدە 11 هەزار شەهید و 24 هەزار برینداری لە شەڕڤان و سەرکردەکانی لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە گەورەی نیشتمانیی سووریادا داوە. رژێمی سووریاش کەمتەرخەمبوو لە پاراستنی رۆڵەکانی ناوچەکە لە تیرۆر و دوایین لایەنیشە مافی ئەوەی هەبێت بەناوی دانیشتووانی ناوچەکەوە قسە بکات".

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی بۆردوومانی هەڕەمەکی فڕۆکەکانی رژێمی سووریا زۆربەی ژێرخان، جومگە، دامەزراوە گشتییەکان، دام و دەزگا حکومییەکان، پرد، کارگە و ژێرخانی نەوتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە تایبەتی لە پارێزگاکانی رەققە و دێرزوور وێرانبوونە.

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات باسی لەوەشکردووە "تاوەکو ئەمڕۆ رێکخراوی داعشی تیرۆریست ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێم بێ هیچ ئاستەنگێک بەکاردەهێنێت و لەوێوە کردەوەی تیرۆریستی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدەدات و خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج، زۆربەی تیرۆریستە دەستگیراوەکان دانیان بەوەداناوە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێم و قەڵخانی فوراتەوە هاتوون. هەوڵەکانی رژێم بێهودە و بێئامانجن لە دروستکردنی ئاشووب لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سووری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە".

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت "لەبری ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی رژێمی سووریا سکاڵا ئاراستەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان بکات، جارێکی دیکە داوای لێدەکەین دەست لە کردەوەی دووژمنکارانە دژی هێزکانمان و دانیشتوانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەڵبگرێت، بەدوای چارەسەرێکی راستەقینە بگەڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە کووژرانی سوورییەکان و باوەڕی بە ئاشتی و سەقامگیری هەبێت بۆ سەرجەم گەلانی سووریا لەسەر بنەمای داننان لە رووی دەستوورییەوە بە ئیدارەی خۆسەر و تایبەتمەندی هێزەکانی سووریای دیموکرات پەسندبکات".

ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە نامەکەیدا کە ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردبوو باسی لەوە کردبوو "میلیشیاکانی هەسەدە تەنها بە بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی تاوانەکانی (هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی) دژی رۆڵەکانی گەلی سووریا نەوەستاوە، بەڵکو چووەتە قۆناخێکی دیکەوە لە رفاندنی هاووڵاتیانی سڤیل و ئەشکەنجەدان و کووشتن و دەرکردنیان لە ناوچەکانی خۆیان، لەگەڵ دزینی موڵک و ماڵەکانیان و بردنی گەنجەکانیان بۆ سەربازیی ناچاری بە ئامانجی سەپاندنی واقیعێکی نوێ کە خزمەت بە پیلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات لە ناوچەکە و درێژە بە جەنگی تیرۆر دەدات بەسەر سووریا".
Top