کوردێک بۆ دووەمجار دەبێتە ئەندامی شارەوانی ناوچەیەکی نەرویج

کوردێک بۆ دووەمجار دەبێتە ئەندامی شارەوانی ناوچەیەکی نەرویج
کوردێک بۆ دووەمجار وەک ئەندامی شارەوانی ناوچەیەکی نەرویج هەڵدەبژێردرێتەوە و دەڵێت: وەک تاکە کوردێک لە ناوچەکەی خۆمان بووم بە ئەندامی شارەوانی ناوچەی فاردەر لە نەرویج.

باکۆ جەبار خەڵکی کوردستانە و ماوەی 18 ساڵە لە نەرویج دەژیت لە لێدوانێکدا دەڵێت: " ساڵی 2017 لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی نەرویج بووم بە ئەندامی شارەوانی فاردەر و ئەمساڵیش جارێکی دیکە هەڵبژاردن کرایەوە و بوومەوە بە ئەندامی هەمان شارەوانی".

باکۆ خۆی خوێندکاری بەشی یاسایە لە زانکۆی ئۆسلۆ و دەشڵێت: لە ساڵی 2017 وەک 7ـیەمین ئەندام لە سنووری شارەوانییەکەمان هەڵبژێردرام، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کار و چالاکییەکانم وەک سێیەمین ئەندام لەسەر ئاستی پارتەکەم هەڵبژێردرام.

ئەو کوڕە کوردە کاندیدی پارتی کرێکارانی نەرویج بووە لە ناوچەی فاردەر و ئاماژە بەوەش دەکات، کە بەهۆی کار و چالاکییەکانییەوە کاری بۆ پەنابەرانی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە سنووری شارەوانییەکەیان کردووە و جێگەی بۆ دابینکردوون.

شارەوانی فاردەر 39 ئەندامی هەیە و پارتەکەی ئەو خاوەنی 9 کورسییە، هەروەها پارتی راستڕەوەکانیش خاوەنی 10 کورسین و پارتەکانی دیکەش بەسەر چەند کورسییەکدا دابەشکراون.

باکۆ لەدایکبووی ساڵی 1996ـە و خەڵکی هەورامانە لە باشووری کوردستان، بەڵام ماوەی 18 ساڵە لەگەڵ کەسوکارەکەی لە نەرویج دەژیت. یەکێکە لە یاریزانە باشەکان و حەز و ئارەزووی بۆ تۆپی پێ زۆرە، هەر زووش لە نەرویج لەگەڵ کولتوور و کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە تێکەڵ بووە.
Top