حوسییەکانی یەمەن ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر کۆمپانیای ئارامکۆ بڵاودەکەنەوە

حوسییەکانی یەمەن ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر کۆمپانیای ئارامکۆ بڵاودەکەنەوە
رۆژی شەممە لە دوو هێرشی جیاوازدا، هێرشکرایە سەر دوو دامەزراوەی گرنگی کۆمپانیای نەوتی سعودیە، ئارامکۆ. حوسییەکانی یەمەنیش بەرپرسیارییەتی خۆیان لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە راگەیاند، ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، ساتی ئەنجامدانی هێرشەکەیە.

سەکردە حوسییەکان هۆشداریش دەدەنە سعودیە و ئاگاداری دەکەنەوە کۆتایی بە دەستوەردانەکانی لە یەمەن بێنێت، ئەگینا دەبێت چاوەڕوانی هێرشی دیکەش بکات.

محەممەد بوخەیتی، سەرکردەی حوسی رایدەگەیێنێت "ئەو ئۆپەراسیۆنە تواناکانی ئێمە پشتڕاستدەکاتەوە کە دەتوانن شوێنی دیکەی گرنگی سعودیە بکەینە ئامانج، ئەمانە شوێنی گرنگ و هەستیارن، ئێمە توانای خۆمان سەلماندووە و پێویستە سعودیە هۆشدارییەکانمان بەهەند وەربگرن و شەڕانگێزییەکانیان بەرامبەر بە یەمەن بوەستێنن و هەروەها کۆتایی بەداگیرکارییەکان بێنن و بەکەمترین زیان بچنەدەرەوە".

هەرچەندە حوسییەکان خۆیان دەڵێن، ئەو هێرشانەیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامداوە، بەڵام ئەمریکا گومانی هەیە ئەنجامدانی ئەو هێرشە لە توانای حوسییەکاندا بێت.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە توویتێکیدا نووسیوویەتی: "ئێران لە پشت نزیکەی 100 هێرشەوەیە بۆ سەر عەرەبستانی سعودیە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە رووحانی و زەریف واینیشاندەدەن کە لەگەڵ هەوڵی دیپلۆماسیدان. سەرباری هەموو داواکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئێران ئێستا هێرشیکردووەتە سەر گەورەترین دابینکەری سەرچاوەی وزەی جیهان. هیچ بەڵگەیەک نییە کە هێرشەکان لە یەمەنەوە ئەنجامدرابن".

میدیاکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە گوماندەکرێت هێرشەکان لە عێراق یانیش لە ئێرانەوە لە رێگەی مووشەکی کروزەوە ئەنجامدرابن.

بەڵام عێراق هەر زوو وەڵامی ئەو گومانانەی دایەوە، لیوا تەحسین، خەفاجی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیاند "وەزارەتی بەرگریی ئێستا بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەییەکان و بە ئاگاداری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان".

هاوکات عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کەوت و رایگەیاند: خاکی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودییە بەکارنەهێندراوە و پابەندی دەستوورین کە رێگە بە هێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ و دۆستانمان نادات.

هەروەها عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، تۆمەتەکانی ئەمریکا بێبنەمان، ئەمریکا لە هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشار شکستی خواردووە و ئێستا دەستیکردووە بە سیاسەتی درۆکردن.

کۆمپانیای ئارامکۆ، گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهان و رۆژانە نزیکەی 11 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و هێرشەکانی سەر کۆمپانیاکە، بەگوتەی عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری نەوتی سعودیە، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی بە زیاتر لە 5.7 ملیۆن بەرمیل واتە نزیکەی %50ـی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتەی کەمکردووەتەوە.
Top