سیاسەتمەدارێکی ئەمریکی: لە عێراقەوە کۆمپانیا سعودیە بۆردومان کرا

 سیاسەتمەدارێکی ئەمریکی: لە عێراقەوە کۆمپانیا سعودیە بۆردومان کرا


سیاسەتمەدارێکی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، کە ئەو فڕۆکانەی دامەزاروەیەکی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییان بۆردومان کرد، لە عێراقەوە نێردرابوون.

ئەلبێرتۆ میگوێڵ فێرناندیز، دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا و بەڕێوەبەری ئێستای کەناڵی (ئەلحوڕە)، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی بەغدا توانایان نییە گرووپ و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوەستێنن.

ئەلبێرتۆ میگوێڵ فێرناندیز هەروەها رایگەیاندووە، ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی دامەزراوە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی سعودیەیان بۆردومان کرد، لە عێراقەوە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئاراستە کرابوون.

هەروەها مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە (تویتەر)، رایگەیاندبوو، کە ئێران لە پشت 100 هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانە بۆ سەر سعودیە.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 14-9-2019، ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دوو دامەزراوەی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییان لە شارۆچکەی بەقیق لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، کردە ئامانج.

بەهۆێ هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانەوە، دوو تەقینەوە لەو دوو کارگەیە روویان دا و ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.








باسنیوز
Top