سوپای پاسداران: ئەگەر هەیە جەنگێک هەڵبگیرسێت

  سوپای پاسداران: ئەگەر هەیە جەنگێک هەڵبگیرسێت
پاش ئەوەی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کەلە پشت هێرشەکان بۆ سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی سعوودیەیە، ئەمڕۆ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاشکرای کرد کە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئیران گەیشتوونەتە ئاستی داتاشینی درۆ.



لەمبارەوە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی٩ی٢٠١٩ عەباس مووسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران ڕای گەیاند: "ئەو جۆرە تۆمەت و لێدوانە بێ بنەما و ئەنجامانە لە چوارچێوەی دیپلۆماسیدا هێچ جێگەیەکیان نییە و بێ مانان و ئامانجدار و داتاشراون".



گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: "ئەو جۆرە هەوڵ و لێدوانانە زیاتر چەشنی پلانی ڕێکخراوە نهێنی و هەواڵگرییەکانن بۆ ڕووشاندن و ناشیرینکردنی سیمای وڵاتێک کە ئامانجیان ڕێگەخۆشکردنە بۆ هەندێ هەوڵی هاوشیوە لە داهاتوودا و لەمبارەوە ئەمریکییەکان ئەوپەڕی گوشاریان لەدژی ئێران گرتووەتە پێش و بۆ ئەم مەبەستەش دەستەوداوێنی درۆ بوون".



هاوکات فەرماندەی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە وەڵامی ئەو لێدوانەی مایک پۆمپیۆدا ڕای گەیاندووە: "بەلەمەکانی ئەمریکا لە کەنداو تا مەوداوی دوو هەزار کیلۆمەتریی لەژێر تیری ئێمەدان و گەر بمانەوێ بە مووشەک دەیانکەینە ئامانج".



ئه‌میر عه‌لی حاجی‌زاده‌، فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران ده‌ڵێت: "ئێران و ئه‌مریكا نایانه‌وێت جه‌نگ هه‌ڵگیرسێت، به‌ڵام هێزه‌ مه‌یدانییه‌كان له‌ ئاوه‌كانی كه‌نداو له‌ هێڵی ته‌ماسدان و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ جه‌نگ هه‌ڵبگیرسێت".



ئه‌و فه‌رمانده‌ باڵایه‌ی ئێران گوتوویه‌تی: "سه‌رجه‌م بنكه‌ و كه‌شتییه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا، 2 هه‌زار كیلۆمه‌تر له‌ ئێمه‌ دوورن و كه‌وتوونه‌ته‌ ناو سێره‌ی مووشه‌كه‌كانمانه‌وه‌، دوای خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ مانگی ته‌مووزی رابردوو، رووی مووشه‌كه‌كانمان كردووه‌ته‌ بنكه‌ی عوده‌ید له‌ قه‌ته‌ر و زه‌فره‌ له‌ ئیمارات و باریجه‌ له‌ كه‌نداوی عوممان".



ئەم گوتانەی بەرپرسانی ئەمریکا وئێران لە کاتێکدان کە دوێنێ شەممە دە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چەند کۆمپانیایەکی نەوتیی سعوودیەیان کردە ئامانج و پاشان حوووسییەکانی یەمەن، بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەیان گرتە ئەستۆ و ئەمریکاش پێی وایە ئێران لە پشتی ئەو هێرشانەوەیە.



باسنیوز
Top