مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا : ئێران بەرپرسیاری هێرش بۆ سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی سعوودیەیە

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا : ئێران بەرپرسیاری هێرش بۆ سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی سعوودیەیە
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ شەممە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بەرپرسیار لە بەرانبەر هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بۆ سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی سعوودیە لەقەڵەم داوە.



وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمبارەوە لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە: "لە سەداسەد تاران لە پشتی هەموو ئەو ١٠٠ هێرشەوەیە کە کراونەت سەر سعوودیە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار و محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران وا نیشان دەدەن کە بەتەمان لەگەڵ سعوودیە و ئەمریکا بکەونە دانوستانی دیپلۆماسییەوە، هاوکات هیچ بەڵگە و نیشانەیەک لەبەردەست نییە کە ئەو هێرشانە لە یەمەنەوە کرابنە سەر کۆمپانیاکانی سعوودیە".



مایک پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێمە داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ لەمبارەوە ئێران مەحکووم بکەن، ئەمریکا لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی لە هەوڵدایە سەرەڕای گرنتیکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی وزە و نەوت، هاوکات کارێک بکات ئێران وەڵامدەری دەستدرێژییەکانی خۆی بێت".



دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە ئاشکرای کرد چەند هێرشێک کراوەتە سەر ناوەندە نەوتییەکانی "ئارامکۆ" و کێڵگەی نەوتیی "خریس" کە بەو هۆیەوە ئاگریان گرتووە، کە پاشان کۆنترۆڵ کراون.



هاوکات دوێنێ میلیشیا شیعەکانی حووسیی یەمەن بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەیان گرتە ئەستۆ و ئاشکرایان کرد لەڕێگەی دە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکە نەوتییەکانی سعوودیە.





باسنيوز
Top