هەزار و 300 کەس بەهۆی زریانی دۆریان لە باهاماس بێسەروشوێنن
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی گەردەلوولەکەوە گیانیان لەدەستداوە، 50 کەسی تێپەڕاندووە، بەڵام دوای ئەوەی شۆکی زریانەکە خەڵکی بەرداوە، ئێستا بەوە زانراوە کە هەزار و 300 کەس لەو دوورگەیە بێسەروشوێنن.
فیل تۆماس، خەڵکی باهاماسە و دەڵێت "کوڕەکەم و تەواوی خێزانەکەم لەدەستداوە، نەوەکانیشم لەدەستداوە. ئەمە یەکێکە لەوشتانەی پێی دەڵێن دڵشکان، بەڵام ژیان بەردەوامە. سوپاسی خوا دەکەم بۆ ئەم ژیانە".
ئەگەر لە ئاسمانەوە سەیری باهاماس بکرێت زەرەر و زیانەکان باشتر دەبیندرێن، ئەو زریانەی بە خێرایی 220 کیلۆمەتر لەکاژێرێکدا هەڵیکرد، دار و ئاسنی ئەو دوورگەیەی بەسەریەکدا رووخاندووە.
بێسەروشوێنبوونی هەزار و 300 کەس بۆ باهاماس کەم نییە، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی تەنها 395 هەزار کەسن.
ماری گلینتن، دانیشتوویەکی دیکەی باهاماسە لەبارەی داهاتوویانەوە دەڵێت "داهاتوومان چی بەسەردێت؟ نازانم، بەڵام هیواخوازم ژیان بونیادبنرێتەوە. لەوانەیە ئەمە رووبدات، ئێمە چاوەڕێین ئاخۆ حکومەت چی دەڵێت، یاخود چیمان بۆ دەکات بەرلەوەی ئێمە دەستپێبکەین".
خەڵکی باهاماس وا هەڵدەستنەوە سەر پێ و ژیانێکی نوێ دەستپێدەکەنەوە، ئەو زەرەر و زیانەی دۆریان بە دوورگەکەی گەیاندووە، بە نزیکەی سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام لەوەدەچێت زریانەکان بەرۆکی باهاماسییەکان بەرنەدەن، چونکە لەکاتێکدا خەڵک بێ ماڵ و پەناگە ماونەتەوە، هۆشداری زریانێکی نوێ دەدرێت.
