ئەردۆغان: لە ئیدلیب ناکشێینەوە و وەڵامی هەر هێرشێکیش دەدەینەوە
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە، هێزەکانی تورکیا 12 خاڵی چاودێرییان لە ئیدلیب دامەزراندووە و هیچ رێککەوتنێکیشیان لەگەڵ رژێمی سووریا نییە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان رەتی کردووەتەوە هێزەکانیان لەو خاڵە چاودێرییانە بکێشنەوە و هۆشداریی داوەتە رژێمی سووریا و رایگەیاندووە، ”دەستەوەستان ناوەستین و وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانمان، دەدەینەوە“.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
تورکیا لە سەرەتای ئەو شەڕەوە، پشتگیریی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن دەکات و شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئیدلیبیشی داگیر کردووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ناوخۆ ئاوارە بوون و بەشێکی زۆریشیان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەری سووریا و جیھان بردووە، جگە لە کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس.
باسنيوز
