دوو کاندید رۆژێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس دەکشێنەوە

دوو کاندید رۆژێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس دەکشێنەوە
دوو کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس، رۆژێک پێش پرۆسەی دەنگدانی گشتی، کشانەوەی خۆیان راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە 14-9-2019، کە بانگەشەی هەڵبژاردن تێیدا وەستاوە، هەریەکە لە موحسین مەرزوق، سەرۆکی بزووتنەوەی مەشروعی تونس و سەلیم ریاحیی سەرۆکی بزووتنەوەی ئەمەلی تونسی، کشانەوەی خۆیان راگەیاند.

موحسین مەرزوق و سەلیم ریاحی، کە کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس بوون، داوایان لە لایەنگرانیان کرد دەنگ بە عەبدولکەریم زوبەیدی، کاندیدی سەربەخۆ بدەن.

عەبدولکەریم زوبەیدی لە حکوومەتی ئێستای تونس وەزیری بەرگری بوو، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن، دەستی لە پۆستی وەزیری کێشایەوە.

رۆژی هەینی 13-9-2019، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس لە دەرەوەی وڵات دەستی پێ کرد و بڕیارە سێ رۆژ بەردەوام بێت.

بڕیارە رۆژی یەکشەممە 15-9-2019، پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس لە ناوخۆی وڵات بە بەشداریی حەوت ملیۆن دەنگدەر و 24 کاندید، بەڕێوە بچێت.

دوای کۆچی دوایی باجی قاید سەبسی، سەرۆکی تونس، پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیاری دا رۆژی 15-9-2019 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە وڵاتەکەی ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا ئەگەر ئەو بارە لە ناکاوە نەهاتبوایە پێش، هەڵبژاردنەکە لە مانگی 11ـی ئەمساڵ ئەنجام دەدرا.

تونس وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە باکووری کیشوەری ئەفریقیا. هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی لیبیا لە باشووری رۆژهەڵات و جەزائیر لە رۆژئاوا. ئەو وڵاتە سنوورێکی فراوانی لە رۆژهەڵاتەوە بە باکووری رۆژهەڵات تا دەگاتە باکوور و باکووری رۆژئاوا، کەوتووەتە سەر ئاوی دەریای ناوەڕاست.












باسنيوز
Top