ترەمپ سەرکردەیەکی دژە ئیخوان بە دیکتاتۆر ناو دەبات
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرنال)ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی گرووپی حەوت لە فەرەنسا، لە هۆتێلی (Hotel du Palais)، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا چاوەڕێی بینینی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسری کردووە.
لەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ چاوەڕێی سیسی کردووە، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئەمریکی و میسری، بە دەنگێکی بەرز و گاڵتەوە گوتویەتی، ”دیکتاتۆرە دڵخوازەکەم لە کوێیە؟“ (Where's my favorite dictator?)، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی لە هەموو دیکتاتۆرەکانی دیکەی جیهان، خۆشتری دەوێ.
دوای کۆتایی هێنان بە حوکمی حوسنی موبارەک، محەمەد مورسی، کە لە ساڵی 1951 لەدایک ببوو، بە هەڵبژاردن لە 2012 - 2013 بووە سەرۆکی میسر و ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-6-2019 لەکاتی دادگاییکردنی، گیانی لەدەست دا.
جەنەڕال عەبدولفەتاح سیسی، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەمەد مورسی، وەزیری بەرگریی میسر بوو، بە بەکارهێنانی سوپا لە ساڵی 2013 کودەتای بەسەر محەمەد مورسیدا کرد و خۆی وەک سەرۆک کۆماری میسر ناساند.
دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی میسر، رەوتی ئیخوان موسلیمین و محەمەد مورسی، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی، وەک تیرۆریست ناساند و دواتریش ئەو رەوتە لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات، وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسنێندرا.
باسنيوز
