رووسیا کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا رادەگەیەنێت
وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا رادەگەیەنێت.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئەگەرچی چەند ناوچەیەک هەن لەژێر دەستی رژێمی سووریا نین، بەڵام ئەو وڵاتە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ژیانی ئاسایی و ئاشتەوایی دەچێت.
سێرگی لاڤرۆڤ هەروەها رایگەیاندووە، ”بە کردەیی“، شەڕی ناوخۆیی لە سووریا راوەستاوە و کۆتایی هاتووە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا بەپێویستی زانیوە لێژنەیەک بۆ چاکسازی لە سووریا پێک بهێندرێ.
رووسیا لەمانگی ئەیلوولی 2015ـەوە بە ناردنی هێزی سەربازی و چەک و تەقەمەنی پشتگیریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و بەرگریی لە مانەوەی بەشار ئەسەد لە سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە، دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ناوخۆ ئاوارە بوون و بەشێکی زۆریشیان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەری سووریا و جیھان بردووە، جگە لە کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس.
باسنیوز
