لە رەققە پێنج هەزار و 200 تەرم لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێندراون
ئەندامێکی تیمی بەرگری شارستانی دەڵێت، توانیویانە لە رێگەی جلوبەرگ و کەلوپەلەکانەوە ناسنامەی هەزار و 400 کەس لە رووفاتەکان دەستنیشانبکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا چوار گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ ماون کە کاریان لەسەر بکرێت و هەڵبدرێنەوە.
رۆژانە بڵدۆزەر و خاکەناسەکان کاردەکەن بۆ هەڵدانەوەی رووفاتی خەڵک، کە لەلایەن داعشەوە کوژراون، یاخود بوونەتە قوربانی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارییەکەو لایەنی بەرامبەری.
یاسر خەمیس، ئەندامی تیمی بەرگری شارستانی رەققە: "ئەمڕۆ ئێمە لە شاری رەققەین لەبەردەم گۆڕی بەکۆمەڵی شانزدەیەم. لە بوونی رووفاتێک ئاگادارکراینەوە و هاتینە ماڵی عەرەبی. دەستمان بە کارکردن کرد و لە یەکەم رۆژدا چوار رووفاتمان دۆزییەوە. لە رۆژی دووەمدا چواری دیکەمان دۆزییەوە. لە رۆژی سێیەم دا پێنجی دیکەمان دۆزینەوە."
تاوەکو ئێستا 16 گۆڕی بە کۆمەڵ لە رەققە دۆزاونەتەوە، ژمارەی قوربانییەکان پێنج هەزار کەسی تێپەڕاندووە. زۆربەی ئەوانەی لەژێر گۆڕە بە کۆمەڵەکانیش دەرهێندراون ژن و منداڵن.
ئەو ئەندامەی تیمی بەرگری شارستانی رەققە دەشڵێت: "راشکاوانە هێشتا چوار گۆڕی دی بە کۆمەڵ هەن کارمان لەسەریان نەکردووە. بەڵام بە رێژەی 90% کاری شارەکەمان تەواوکردووە. پێشبینی دەکەین ماڵی عەرەبی دوایین شوێنی گۆڕی بەکۆمەڵی شارەکە بێت. دواتر لە دەوروبەری شارەکە دەگەڕێین. پشێبینی دەکەین ژمارەیان پێنج هەزار و 200 تەرم بێت. توانیمان لە رێگەی جلەکانیانەوە هەزار و 400 کەس بناسینەوە. ئەوانی دی منداڵ و ژنن."
رەققە پایتەختی خەلافەتەکەی داعش بوو لە سووریا و لە 2014 کەوتە ژێر دەستیان. لە 2017 تاوەکو هاپەیمانان و هەسەدە شارەکەیان لە داعش سەندەوە، 80%ی شارەکە وێرانبوو.
داعش لەماوەی سێ ساڵی حکومڕانیدا هەزاران سەرباز و خەڵکی شارەکەی خستە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە.
