ئێران: دوای لادانی جۆن بۆڵتنیش، رووحانی لەگەڵ ترەمپ کۆنابێتەوە

ئێران: دوای لادانی جۆن بۆڵتنیش، رووحانی لەگەڵ ترەمپ کۆنابێتەوە
ئێران خۆشحاڵە بە دوورخستنەوە یان کشانەوەی جۆن بۆڵتن لە پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، دوای لادانی بۆڵتنیش سەرۆککۆماری ئێران ئامادەنییە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆبێتەوە. تاوەکو گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵنەگیرێت، رووحانی و ترەمپ کۆنابنەوە.

جۆن بۆڵتن دژایەتی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەدەشاردەوە، بۆیە روون بوو کە هەڵوێستی رێبەرانی کۆماری ئیسلامی بە لەسەرکارلادانی جۆن بۆڵتن چۆن دەبێت، هەروەک بەرپرسی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران نەیتوانی خوشحاڵی خۆی بشارێتەوە.

یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی لەسەرکارلادان یان کشانەوەی جۆن بۆڵتن ناکۆکی بوو لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکا لەگەڵ شێوازی بەرەنگاربوونەوەی ئێران. بۆڵتن خوازیاری هەڵسوکەوتی تووندتر بوو دژی ئێران، تەنانەت لێدانی سەربازیش.

دوای لادانی بۆڵتن، بۆچوونێک هەبوو کە ئەوە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز یان رەخساندنی دەرفەتە بۆ کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری ئەمریکا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەڵام مەجید تەخت رەوانچی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، سەرەڕای لادانی بۆڵتنیش ئێران ئامادەنییە لەگەڵ ئەمریکادا دانوستاندن بکات.

تەخت رەوانچی جەخت لەسەر هەڵوێستەکانی سەرۆککۆماری ئێران دەکاتەوە کە تاوەکو ئەمریکا گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵنەگرێت، ئێران ئامادەی دانوستاندن نابێت.

بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان کردووەتەوە کە گوشارەکانی سەر ئێران وەک رابردوو بەردەوامدەبێت. هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسەرکارلادانی بۆڵتن، ئەمریکا خوولێکی دیکەی گەمارۆکانی بەسەر سوپای پاسداران و رێکخراوەکانی نزیک لە ئێران لە ناوچەکەدا سەپاند.

مەحموود واعزی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، حکومەتی ئەمریکا پێی وابوو بە سیاسەتێکی رادیکاڵ و شەڕخوازانە بە ئامانجەکانی دەگات، هەر بۆیەش بەڕێز بۆڵتنی وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هەڵبژارد، دوای ماوەیەکی کەم دەریانکرد، ئەمە نیشانی دەدات حکومەتی توندڕەوی ئەمریکاش بەو ئاکامە گەیشتووە کە سەردەمی شەڕخوازی و هەڕەشە کۆتایی هاتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتی راگەیاندنی ئەو سزایانەدا رایگەیاند، لەسەرکارلادانی جۆن بۆڵتن بە مانای گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی حکومەتی ترەمپ بەرامبەر ئێران نییە. لادانی بۆڵتن رەنگە هێندەی دیکەش سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران ناڕونتر بکات.
Top