ئەمریکا: ئیسرائیل کۆگا و بارەگاکانی حەشدی شەعبی بۆردوومانکردووە
عەبدولخالق عەزاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکییەکان ئەو زانیارییانەیان لە چوارچێوەی راپۆرتێکدا بەو لیژنەیە داوە کە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ لێکۆڵینەوە پێکھێندراوە.
وەزارەتی بەرگری عێراقیش دەڵێت، بە فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان ھیچ فڕۆکەیەک بۆی نییە بەبێ ئاگاداری ئەوان بە ئاسمانی عێراقدا بفڕێت گەر گوێیان نەگرت لێیان قبوڵ ناکرێت.
کارەکانی ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری تەقینەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبی پێکھێنراوە کۆتاییان ھاتووە، دەرکەوتووە تاوەکو ئێستا 12 جار بارەگا و کۆگاکانی چەک و تەقەمەی حەشدی شەعبی کراونەتە ئامانج وبۆردومان کراون کە سەرجەمیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونە. عەبدولخالق عەزاویش لە راگەیێندراوەکەیدا ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە.
ناسر ھەرکی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی دەیبینن بوونی بارەگاکانی سەربازی و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبییە لەناو ماڵان و نزیک خەڵک، ئەوان وەک لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەوە بە ئاسایی نابینین داوایان کردووە بۆ سەلامەتی خەڵک ئەو جبەخانانە لەو شوێنانە دووربخرێنەوە و بگوازرێنەوە شوێنە سەربازییەکان.
هاوکات پەنابردنە بەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ھەوڵی بەشێکی لایەنە شیعەکانە کە ئێستا داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە سکاڵابكات تاوەکو لەو رێگەیەوە ھەم بیسلەمێنێت حەشدی شەعبی ھێزێکی یاساییە و ھەمیش لە ھەر ھێرشێک بیپارێزێت.
