هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كۆگاكانی حه‌شدی شه‌عبی پشتڕاست ده‌كرێنه‌وه‌

هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كۆگاكانی حه‌شدی شه‌عبی پشتڕاست ده‌كرێنه‌وه‌
شەوی رابردوو كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی حه‌شدی هۆزەکان له‌ شارۆچکەی هیتی سەر بە پارێزگای ئەنبار تەقییەوە و ‌لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراقیش ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەی کۆگاکانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی ئاشکرا دەکات و جەختیش دەکاتەوە، بەپێی بەدواداچوونی هێزەکانی ئەمریکا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان ئەنجامداوە.

عەبدولخاڵق عەزاوی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لێژنەی حکوومی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەی کۆگاکانی چەك و تەقەمەنی کارەکانیان تەواو بووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی لە ماوەی رابردوودا 12 هێرشی ئاسمانی لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر پێگە و کۆگاکانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی ئەنجامدراون.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، ئەمریکییەکان لە ئاسمانی عێراق بەرپرسیارن و هەر ئەوانیش بە لێژنە حکوومییەکەیان راگەیاندووە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە.

سەبارەت بە پاراستنی ئاسمانی عێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا، عەزاوی سەرسووڕمانی خۆی لە رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن دەربڕی و داوایکرد، حکوومەت زانیاری لە بارەی رێککەوتنەکە پێشکەش بە پەرلەمان بکات.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، شه‌وی رابردوو كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی حه‌شدی هۆزەکان له‌ شارۆچکەی هیت لە رۆژئاوای پارێزگاکە گڕیگرت و چه‌ندین گوللـه‌ تۆپ و هاوه‌ن بەسەر گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری جبەخانەکەدا ته‌قینه‌وه‌.
Top