جۆن بۆڵتن لە کۆشکی سپی نەما.. دەرکرا یان خۆی رۆیشت؟

جۆن بۆڵتن لە کۆشکی سپی نەما.. دەرکرا یان خۆی رۆیشت؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەرەوە دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی راگەیاند. جۆن بۆڵتن-یش لە وەڵامدا دەڵێت، خۆی داوای وازهێنانی کردووە نەک دوورخرابێتەوە.

ترەمپ رایگەیاند "شەوی رابردوو جۆن بۆڵتن-م ئاگادارکردەوە کە چیدیکە خزمەتەکانی لە کۆشکی سپی پێویست نییە. لە زۆرینەی پێشنیازەکانیدا بەتووندی لەگەڵی ناکۆکبووم، هەروەک چۆن لە ئیدارەکانی دیکەشدا وایکردووە".

بەگوتەی ترەمپ، خۆی داوای لە جۆن بۆڵتن کردووە دەستلەکاربکێشێتەوە و ئەویش ئەم بەیانییە نامەی وازهێنانەکەی پێداوە.

سەرەڕای رەخنەکانی بەڵام ترەمپ سوپاسی جۆن بۆڵتن-یشی کردووە و دەڵێت "سوپاسی جۆن دەکەم بۆ خزمەتە زۆرەکانی".

لە بەرامبەردا هەر لە توویتەرەوە، جۆن بۆڵتن قسەیەکی جیاوازتر لەوەی ترەمپ دەکات و دەڵێت، ئەو پێشتر داوای وازهێنانی کردووە.

جۆن بۆڵتن دەڵێت "شەوی رابردوو دەستلەکارکێشانەوەم خستە بەردەستی سەرۆک ترەمپ، ئەویش گوتی (با سبەی باسی ئەم پرسە بکەین".


ترەمپ دەڵێت، هەفتەی داهاتوو کەسێکی نوێ وەکو راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دیاریدەکات.


هەڵوێستی جۆن بۆڵتن بەرامبەر ئێران زۆر تووندە. لە گوتارێکدا لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت "بۆ وەەستاندنی بۆمبی ئێران، دەبێت ئێران بۆمباران بکرێت".

بەمدواییانە هەڵوێستی بۆڵتن لەبارەی ئێران لە راوێژکار و بەرپرسەکانی دیکەی ئیدارەی ترەمپ تووندتر بوو.

کاتێک لە مانگی ئایاردا ئەمریکا 1500 سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی "هەڵسوکەوتی خراپەکارانەی" ئێران ناردە کەنداو، شیکارانی سیاسی پێیانوابوو کە هۆکاری خێرا تەشەنەکردنی ئەو گرژیانەی کەنداو جۆن بۆڵتنە.

جۆن بۆڵتن زیاتر لە جارێک داوای کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کردووە، کە ساڵی رابردوو ترەمپ بڕیارەکەی دا.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە زۆربەی توویت و لێدوانەکانی رەخنەی تووندی لە ئیدارەی ترەمپ گرتووە کە گوێڕایەڵی پێشنیازەکانی بۆڵتنی کردووە سەبارەت بە ئێران.

زەریف هۆشداری دەدایە ئەمریکا کە بۆڵتن لە هەوڵی ئەوەدایە وڵاتەکە بباتە نێو شەڕێکی خوێناوی کە رزگاربوون لێی ئاسان نییە.

جۆن بۆڵتن لە نیسانی 2018ـەوە وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا دەستبەکاربوو.

پێشتر لە 2005 تاوەکو 2006 نوێنەری ئەمریکا بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە 2001 تا 2005 سێیەیم جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆنترۆڵکردنی چەک.

لە 1989 تاوەکو 1993 یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو بۆ کاروباری رێکخراوی نێودەوڵەتی.

بۆڵتن لە 2002 لە گوتارێکدا لەبەردەم جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا وڵاتانی ئێران، سووریا، لیبیا، کوبا، کۆریای باکوور و عێراقی بە سپۆنسەری تیرۆر ناوبرد.
Top