تاڵیبان بۆ ترەمپ: بەم زووانە پەشیمان دەبیتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 10-9-2019، زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان بە ئاژانسی (فڕانس پرێس)ی راگەیاندووە، تاڵیبان بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی ئەمریکا، دوو رێگای لەبەردەمە، ”جیهاد و دانوستاندن“.
زەبیحوڵڵا موجاهید هەروەها رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دانوستاندنی رەت کردەوە و ”ئێمەش رێگای یەکەم بەکار دەهێنین، بەم زووانە ئەمریکا پەشیمان دەبێتەوە“.
ئەو لێدوانەی گوتەبێژی تاڵیبا دوای ئەوە هات، کە دۆناڵد ترەمپ بەهۆی رانەگرتنی کردە تیرۆریستییەکان، دانوستاندنەکانی وڵاتەکەی، کە نزیک بوو لە گەیشتن بە رێککەوتن، لەگەڵ ئەو رێکخراوە، راگرت.
تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوەی ئەفغانییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەندرێت.
تاڵیبان لە ساڵی 1994 دروست بووە و لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریکا لە ساڵی 2001 حوکمڕانیی تاڵیبانی رووخاند.
باسنيوز
