سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا : پێدەچێت لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران کۆببمەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی لەبارەی کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، "لەوانەیە روبدات، هیچ کێشەیەکم نیە"، هەفتەی رابردوش ترەمپ، وتی، دەکرێت لە میانەی کۆبونەوەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک چاوی بە ڕۆحانی بکەوێت.
پێویستە ئێران بارودۆخی خۆیان باش بکەن، چونکە بەڕاستی لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە ئێران بارودۆخی خۆیان باش بکەن، چونکە بەڕاستی لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان".
ئەوان دەیانەوێت کێشەکانیان چارەسەر بکەن، دەتوانین لە 24 کاتژمێردا هەمو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەین
ترەمپ وتیشی، "هەمو شتێک دەکرێت، ئەوان دەیانەوێت کێشەکانیان چارەسەر بکەن، دەتوانین لە 24 کاتژمێردا هەمو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەین".
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ترەمپ سزاکانی سەر ئێرانی توند کردەوە و وتی، رێککەوتنەکە کەموکورتی تێدایە و لە ڕێکەوتنەکەدا باس لە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکانی ئێران و چالاکییە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا نەکراوە.
هاوکات حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران پێنجشەممیە رابردو لە وتارێکدا لەبارەی کۆبونەوە لەگەڵ ترەمپ وتی، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکادا گفتوگۆ ناکات تاوەکو واشنتن سزاکانی سەر تاران لانەبات.
هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکادا، پێشنیاری زۆرهەبون بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتندا
ئەوەشی خستەڕو، "هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکادا، پێشنیاری زۆرهەبون بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتندا، بەڵام وەڵامی ئێمە هەمیشە ڕەتکردنەوە دەبێت".
خەندان
