بێکاری و هەژاری بووەتە کێشەی سەرەکی گەنجانی غەززە

بێکاری و هەژاری بووەتە کێشەی سەرەکی گەنجانی غەززە
کەرتی غەززە لە فەلەستین کە بەشێکی سەرەکی بە پەرژینەکانی ئیسرائیل دەورە دراوە، دوای 12 ساڵ لە ئیدارەی حەماس و گەمارۆی ئابووری سەر کەرتەکە، ئابوورییەکەی بە تەواوی داتەپیوە و دانیشتووانەکەی بەدەست بێکاری و هەژارییەوە دەناڵێنن.

بەشێک لە گەنجانی غەززە بۆ رزگاربوون لەو دۆخە و دۆزینەوەی کارێکی گونجاو روو لە وڵاتانی دیکە دەکەن بۆئەوەی ژیانێکی شکۆدارتر دەستەبەربکەن.

ئەحمەد مەهدی، دانیشتووی کەرتی غەززەیە دەڵێت "ئێمە کاتێک لە زانکۆ دەردەچین رووبەڕووی راستییەکی چاوەڕواننەکراو دەبینەوە، هەر لە قەیرانی ئابوورییەوە تاوەکو قەیرانی سیاسی، هەر دەرچوویەک هیوا بە دەسکەوتنی کارێک دەخوازێت، دەیەوێت ژیانێکی نوێ دەستپێبکات و ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت، بەڵام ئەو راستییەی هەیە وای لێدەکات بەدوای شتی دیکە بکەوێت، وەک کۆچکردن".

بزووتنەوەی حەماس لە غەززە باڵادەستە و حکومەتێکی سەربەخۆی هەیە، بەڵام قەیرانی ئابووری حکومەتەکەی خنکاندووە و خەڵکەکەی بەدەست بێکاری و هەژارییەوە دەناڵێنن.

کەرتی غەززە نزیکەی 12 ساڵە لەلایەن میسر و ئیسرائیلەوە گەمارۆی خراوەتەسەر و دۆخی ئابووری بەتەواوەتی داتەپیوە. خەڵکی لە ناڕەحەتییەکی زۆردا دەژین، هیچ هیوایەکیان بە داهاتووی غەززە نەماوە و بەدوای بچووکترین دەرفەتدا دەگەڕێن تاوەکو لەدەست ژیانی ئێرە رابکەن.
Top