پارتەکەی پووتین بووە براوەی هەڵبژاردنی شارەوانی مۆسکۆ
لەهەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی رووسیا لەهەر 85 هەرێمەکەی رووسیا رێژەی بەشداربوون 41% و پۆینت دوو بووە، پارتی کۆمۆنیستی رووسیاش پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، بەڵام لەهەڵبژاردنەکە رازی نییە.
گینادی زیگانۆڤ، سەرۆکی پارتی کۆمۆنسیتی رووسیا لەبارەی ئەنجامەکان گوتی "ئەوەی پەیوەستە بە شێوازی هەڵبژاردنەکانەوە دەتوانم بڵێم بۆ ئێمە ناگونجێت، بەگشتی دیالۆگێکی تەواو و پەیوەندییەکی راستەوخۆ نەبوو لەنێوان رەگەزەکانی هەڵبژاردندا، هەژمارکردنی دەنگەکان زۆر بەوردی نییە، هەندێ شت پێویست بوو بکرێت نەکرا، هەندێ سیستەمیان پەیڕەوکرد بۆ پاڵاوتنی کاندیدەکان کە بووە هۆی کوشتنی کاندیدبوونیان، جگە لەوە هاووڵاتیانی وڵاتی ئێمە لە زۆربەی هەرێمەکان نەچوون بۆ دەنگدان، ئەوە ئاماژەیەکی ئاشکرایە".
ڤلادیمیر ژیرنۆنڤسکی سەرۆکی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتە، ئەویش پێی وایە هەڵبژاردنەکە کەموکوڕیی و پێشێلکاری زۆری تێدابووە.
هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی رووسیا لەشار و هەرێمەکان لەهەر شوێنە و بەمەبەستی هەڵبژاردنی دامودەزگایەکی جیاوازی حکومەتە خۆجێییەکان بوون. لەمۆسکۆ هەڵبژاردنەکە بۆ پەرلەمانی خۆجیی بوو، کە 45 کورسی هەیە، پارتی رووسیای یەکگرتوو تووانی 25 کورسی بەدەستبهێنێت، پارتی کۆمۆنیست بە 13 کورسی پلەی دووەم، پارتی سێو بە چوار کورسی پلەی سێیەم، پارتی دادپەروەری بە سێ کورسی پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.
