كازم غەریب ئابادی، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم : ئێران هیچ چالاكیەكی نهێنی ئەتۆمی نیە

كازم غەریب ئابادی، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم : ئێران هیچ چالاكیەكی نهێنی ئەتۆمی نیە
نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند "ئاژانسەكە سەر بە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا نیە تا راوێژكاری ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە سەبارەت بە سەردانیكردنی بەرپرسەكانی بڕیاربدات، وتیشی ئێران هیچ چالاكیەكی نهێنی ئەتۆمی نیە".

لە چوارچێوەی هەماهەنگیەكانی نێوان ئێران و ئاژانسەكەدایە


لە تویتێكیدا لە هەژماری فەرمی خۆی، كازم غەریب ئابادی، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند "سەردانیكردنە كۆرنێل ڤێرۆتا، بەڕێوەبەری گشتی كاتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران، لە چوارچێوەی هەماهەنگیەكانی نێوان ئێران و ئاژانسەكەدایە".

ئاماژەی بەوەشكرد "ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەر بە ویلایەتە یەكگرتوەكان نیە، تا جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا بڕیار لەبارەی سەردانیكردنی سەركردەكانیەوە بۆ وڵاتان بدات".

رەتیكردەوە هیچ چالاكیەكی نهێنی تایبەت بە سیستەمی ئەتۆمی لە ئێراندا هەبێت


ئەو بەرپرسەی ئێران رەتیشیكردەوە هیچ چالاكیەكی نهێنی تایبەت بە سیستەمی ئەتۆمی لە ئێراندا هەبێت و دوپاتیكردەوە سەردانەكەی ڤێرۆتا لە چوارچێوەی كارنامەی تایبەتیدا نەبوە، كە بۆڵتن دەیویست بەو شێوەیە بێت، بەڵكو لە سەردانەكەدا سەبارەت بە هاریكاریەكان بۆ بە ئەنجامگەیاندنی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەی 2015 و پرۆتۆكۆلی زیادە و گرەنتیكردنێكی گشتگیربوە.

هەوڵەكان بۆ تێكدانی هەماهەنگی و هاریكاری و چالاكیەكانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم وەڵامی گونجاوی دەبێت


لە درێژەی وتەكانیدا ئابادی هۆشداری دا و رایگەیاند "هەوڵەكان بۆ تێكدانی هەماهەنگی و هاریكاری و چالاكیەكانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و بەردەوام بون لە فشارخستنە سەر وڵاتەكەمان، بە كارێكی تێكدەرانە هەژماردەكرێت و لە لایەن ئێرانەوە وەڵامی گونجاوی دەبێت".

وتەكانی ئابادی لە وەڵامی تویتێكی جۆن بۆڵتن-دایە، كە پێش سەردانیەكەی ڤێرۆتا بۆ ئێران بڵاویكردەوە "بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم كە لە رێگەیدایە بۆ ئێران بە ئەنجومەنی پارێزگارەكانی خۆی راگیەاندوە كە پێدەچێت ئێران بەرهەم و چالاكی ئەتۆمی بشارێتەوە"، راشیگەیاندبو "ئەمریكا و ژمارەیەك وڵاتی دیكە دەخوازن لە نزیكرترین كاتدا لەوبارەیەوە راپۆرتێكی تەواو بخرێتە بەردەستیان".




خەندان
Top