ئێران: کەشتیی ئادریان دەریا نەوتەکەی لە سووریا بەتاڵ کردووە
ئەو نەوتهەڵگرەی ئێران هەتا دە ڕۆژ لەمەوبەر بە تاوانی پێشێلکردنی گەمارۆکانی یەکێتیی ئەورووپا لەدژی سووریا لە "جەبەلولتارق" دەستی بەسەردا گیرابوو، بەڵام میدیا جیهانییەکان و تەنانەت جۆن بۆڵتەن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە تویتەر وێنەیەکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا پیشان دەدات کەشتیی ئادریان دەریای ١ لە دوورگەی "تەرتووس"ی سووریا نەوتەکەی بەتاڵ دەکات.
عەباس مووسەوی دوێنێ یەکشەممە ٨ی٩ی٢٠١٩ بەبێ ناوهێنانی شوێنی بەتاڵکردنی نەوتی کەشتیی ئادریان، ئەو هەوڵەی ئێرانی بە بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆکان لەقەڵەم داوە و گوتی: "ئێمە پێشتریش ڕامان گەیاندووە کە بە هەر نرخێک بێت نەوتەکەمان دەفرۆشین و ئەو هەوڵە دەسکرد و درۆیینانە هیچ کاریگەرییەکیان لە بەرنامەکانماندا نابێت".
کەشتیی ئادریان دەریا زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر نەوتی ئێرانی هەڵگرتبوو، کە نزیکەی یەک مانگ لەلایەن بەریتیانیاوە لە جەبەلەولتارق دەستی بەسەردا گیرا، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە ئاشکرای کرد کە هیچ لێخۆشبوونێکی نوێ لەبارەی فرۆشی نەوتی ئێران لە ئارادا نییە. ئێران دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە نەوتییە، نەوتهەڵگری بەریتانیی "ئیستنا ئیمپرۆ"ی دەست بەسەردا گرت، زۆرێک ئەو هەوڵەی ئێرانیان بە تۆڵە لەدژی بەریتانیا لەقەڵەم دا.
گەمارۆ خستەن سەر فرۆستنی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە کاریگەریی زۆری لەسەر ئاستی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە هەبووە، بە جۆرێک بەرلە گەمارۆکان ڕۆژانە ئێران زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، ئێستا ئەو ئاستە گەیشتووەوە ١٦٠ هەزار بەرمیل و ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە هەیە.
باسنيوز
