رژێمی سووریا هەڵوێستی خۆی لەبارەی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند

رژێمی سووریا هەڵوێستی خۆی لەبارەی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند
رژێمی سووریا هەڵوێستی خۆی لەبارەی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان بە سەرپەرشتیی تورکیا و ئەمریکا، راگەیاند.

سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە ئاژانسی (سانا)ی فەرمیی رژێمەکەی راگەیاندووە، رژێمی سووریا سەرکۆنەی بونیاتنانی ناوچەی ئارام و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی تورکیا و ئەمریکا لەو ناوچەیە دەکات.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە رەتکردنەوەی ناوچەی ئارام لەلایەن رژێمەکەی کردووە و رایگەیاندووە، بونیادنانی ئەو ناوچەیە دەستدرێژییەکی ئاشکرای تورکیایە بۆ سەر خاکی سووریا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 8-9-2019، ناوچەی ئارام لە سەر سنووری نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان (سووریا و تورکیا)، کەوتە بواری جێبەجێکردن.

ناوچە ئارامەکە لەسەر سنوور بە قوڵایی پێنج تا 14 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە و پێنج کیلۆمەتری یەکەم بە هێزەکانی سوپای تورکیا سپێردراوە و بەشەکەی دیکە بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، سپێردراوە.

بەپێی زانیارییەکان، تورکیا داوا دەکات دەسەڵاتی چاودێریکردنی بەسەر هەموو ناوچەکە هەبێت.

هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا یەکەم گەشتی چاودێرییان بەسەر ئەو ناوچەیەدا کرد.

ئامانجی تورکیا لەو ناوچە ئارامە، دوورخستنەوەی هەسەدە و پارتەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.











باسنيوز
Top