ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان کارا دەکرێت

 ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان کارا دەکرێت


هەردوو وڵاتی تورکیا و ئەمریکا ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان کارا دەکەن و یەکەم چاودێریی ئاسمانی بەسەر ناوچەکە، ئەنجام درا.

ئەمڕۆ شەممە 8-9-2019، ناوچەی ئارام لە سەر سنووری نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان (سووریا و تورکیا)، کەوتە بواری جێبەجێکردن.

ناوچە ئارامەکە لەسەر سنوور بە قوڵایی پێنج تا 14 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە و پێنج کیلۆمەتری یەکەم بە هێزەکانی سوپای تورکیا سپێردراوە و بەشەکەی دیکە بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، سپێردراوە.

بەپێی زانیارییەکان، تورکیا داوا دەکات دەسەڵاتی چاودێریکردنی بەسەر هەموو ناوچەکە هەبێت.

هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا یەکەم گەشتی چاودێرییان بەسەر ئەو ناوچەیەدا کرد.

ئامانجی تورکیا لەو ناوچە ئارامە، دوورخستنەوەی هەسەدە و پارتیەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.





باسنيوز
Top