ئێران به‌كارخستنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی پیتاندنی یۆرانیۆمی راگه‌یاند
به‌هروز كه‌مالوه‌ندی، گوته‌بێژی رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران به شێوه‌یه‌كی تێر و ته‌سه‌ل هه‌نگاوه‌كانی تارانی له سێیه‌م قۆناغی كشانه‌وه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی خسته‌ڕوو، كه له ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ گروپی 5+1 له ڤیه‌ننا واژۆی كردبوو.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌مالوه‌ندی ئاشكرایكرد، دوێنی وڵاته‌كه‌ی 20 ئامێری سه‌نته‌رفیوچی له جۆری "ئای ئار-4" و 20ی دیكه‌ش له جۆره‌ی "ئای ئار-6" بهكارخستووهتهوه.
گوته‌بێژی رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران رونیشیكرده‌وه، "ئامێره‌كانی ئه‌و سهنتهرفیوچانهیان له نه‌وه‌ی چواره‌م و شه‌شه‌من و وێڕای به‌كارهێنانیان بۆ ئامانجی توێژینه‌وه و به‌ره‌وپێشبردن، توانایه‌كی زۆریان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمیان هه‌یه".
كه‌مالوه‌ندی دووپاتیكرده‌وه، "توانای ئه‌و ئامێرانه چه‌ندین جار له توانیا ئامێره‌كانی سهنتهرفیوچه كۆنه‌كان زیاتره".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه به‌ر له سه‌ردانه‌كه‌ی كۆرنیل فیروتا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی بۆ تاران، كۆماری ئیسلامی جه‌ختی له‌سه‌ر ئاماده‌یی خۆی كرده‌وه، كه رێگه به پشكنه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌دات پشكنین له به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی بكه‌ن.
له مانگی ئایاری ئه‌مساڵیشه‌وه وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ی واشنتن له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و ئه‌و سزایانه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر ئێرانی‌دا سه‌پاندووه، تاران ده‌ستی به هه‌نگاوه‌كانی كشانه‌وه‌ی له پابه‌ندبوونی به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كردووه و له دوا هه‌نگاودا به‌كارخستنه‌وه‌ی بنكه‌كانی پیتاندنی یۆرانیۆمی راگه‌یاند.
