دادگای میسر سزای 395 ساڵ زیندانیکردن بەسەر 19 سەرکردەی ئیخوان موسلیمیندا دەسەپێنێت
ئەمڕۆ شەممە 7-9-2019، دادگاکە بڕیاری زیندانیکردنی هەتا هەتایی (25 ساڵ)ی بەسەر محەمەد بەدیع، رێبەری ئیخوان موسلیمین و 10 سەرکردەی دیکەی ئەو رەوتدا سەپاند.
دادگای تاوانەکنی قاهیرە هەروەها سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هەشت کەسایەتیی دیکەی ئەو رەوتە ئیسلامییە قەدەغەکراوەدا سەپاندووە.
ئەو سزادراوانە تانبار کراون بە هەڵکوتانە سەر گرتوخانەکانی میسر لە سەروبەندی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی حوسنی موبارەک، سەرۆکی لەکار لادراوی میسر.
گرنگترین کەسە ناسراوە سزادراوەکان بە زیندانیکردنی هەتا هەتایی (25 ساڵ):
- محەمەد بەدیع، رێبەری ئیخوان موسلیمین
- عیسام عەریان
- محەمەد بەڵتاجی
- سەعد حوسەینی
- محەمەد سەعد کەتاتنی
دوای کۆتایی هێنان بە حوکمی حوسنی موبارەک، محەمەد مورسی، کە لە ساڵی 1951 لەدایک بووە، بە هەڵبژاردن لە 2012 - 2013 بووە سەرۆکی میسر و ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-6-2019 لەکاتی دادگاییکردنی، گیانی لەدەست دا.
جەنەڕال عەبدولفەتاح سیسی، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەمەد مورسی، وەزیری بەرگریی میسر بوو، بە بەکارهێنانی سوپا لە ساڵی 2013 کودەتای بەسەر محەمەد مورسیدا کرد و خۆی وەک سەرۆک کۆماری میسر ناساند.
دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی میسر، رەوتی ئیخوان موسلیمین و محەمەد مورسی، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی، وەک تیرۆریست ناساند و دواتریش ئەو رەوتە لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات، وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسنێندرا.
باسنيوز
