کەشتیی ئەدریان داریان 1، %55ـی نەوتەکەی لە بەندەرێکی سەر بە رژێمی سووریا، داگرتوە.
کەشتییە سەرگەردانە ئێرانییەکە نەوتەکەی خۆی لە وڵاتێکی هاوپەیمانی وڵاتەکەی، دادەگرێت.
میدیا ئێرانییەکان بەبێ ئاماژەکردن بە ناوی بەندەرەکە، بڵاویان کردووەتەوە، کە کەشتیی ئەدریان داریان 1، %55ـی نەوتەکەی لە بەندەرێکی سەر بە رژێمی سووریا، داگرتوە.
ئێران لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە مانگی ئاداری 2011 دەستی پێ کردووە، پاڵپشتیی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات.
پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا فەرمانی دەست بەسەرکردنی ئەو کەشتییەی دەرکردبوو و رۆژی شەممە 31-8-2019ش، خرایە ناو لیستی رەشی ئەمریکا.
درەنگانی شەوی یەکشەممە 18-8-2019، کەشتیی (گریس یەک)، کە ناوەکەی بۆ (ئەدریان داریا 1) گۆڕدراوە، بەندەرەکانی جەبەل تاریقی بەرەو باشوور و ئاوە نێودەوڵەتییەکان، بەجێ هێشت.
کەشتییەکە دوای هۆشداریی ئەمریکا بە حکوومەتی یۆنان، نەیتوانی لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە لەنگەر بگرێ و دواتر میدیاکان باسیان لەوە کرد، کە کەشتییەکە بەرەو کەناراوەکانی تورکیا بەڕێ کەوتووە.
رۆژی هەینی 30-8-2019، مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رەتی کردەوە کەشتییەکە بەرەو تورکیا بچێت و رایگەیاند، کەشتییەکە بەرەو کەناراوەکانی لوبنان دەچێت و دەست بەجێش حکوومەتی لوبنان ئەو لێدوانەی چاویشئۆغڵوی رەت کردەوە.
رۆژی دووشەممە 26-8-2019، عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، وڵاتەکەی کەشتیی ئەدریان داریا 1ـی فرۆشتووە.
ئەمریکا ئەو کەشتییە بە پێشێڵکردنی سزاکانی سەر سووریا تۆمەتبار دەکات و باس لەوە دەکات، کە بۆ بەرژەوەندیی سوپای پاسداران ئەو نەوتە دەگوازێتەوە و پاسدارانیش خراوەتە ناو لیستی تیرۆری ئەمریکییەوە.
رۆژی 4-7-2019، دەسەڵاتدارانی جەبەل تاریق لە دەریای ناوەڕاست، کە سەر بە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیان، بەتۆمەتی گواستنەوەی نەوت و پارە بۆ رژێمی سووریا، دەستیان بەسەر کەشتیی (گریس یەک)دا گرت و رۆژی پێنجشەممە 15-8-2019، دادگای جەبەل تاریق بڕیاری ئازادکردنی کەشتییەکەی دا.
باسنيوز
