ئەمریکا داوا لە بەریتانیا دەکات چەکدارە داعشە بەریتانییەکان وەربگرێتەوە
مارک ئێسپەر رایگەیاند، ئامادەنەبوونی حکومەتی بەریتانیا بۆ وەرگرتنەوەی چەکدارە داعشە زیندانیکراوەکان بارودۆخێکی سەختی بۆ هەسەدە خوڵقاندووە، کە دەکرێت نەتوانێت ئەو چەکدارانە بۆ ماوەیەکی زۆر لای خۆی بهێڵێتەوە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتیشی، پرسی چەکدارە داعشە دەستگیرکراوەکان بابەتێکی جیدییە و "دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکەین و چارەسەریشی بۆ بدۆزینەوە".
ئێسپەر لەو بارەوە بە پەیامنێرانی راگەیاند، "تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە، دەبێت ئەم چەکدارانە لە لایەن وڵاتەکانیان وەربگیرێنەوە. ئەوە پەیامی ئێمەیە. ئەگەر بەو جۆرە نەبێت، بارودۆخەکە بۆ سەر ناوچەکە جێگەی مەترسی دەبێت. تاوەکو کەی ئەوان لەو کامپانە لە لایەن کەسانی دیکەوە پاسەوانییان بۆ بکرێت؟ ئێوە لەبارەی چەند هەزار چەکدارێک قسەدەکەن و زیاتر لە دوو هەزاریان بیانیین و زۆربەی ئەوانیش لە ئەوروپاوە چوونەتە ئەوێ".
لێدوانەکەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەکاتێکدایە، حکومەتی بەریتانیا مافی هاووڵاتیبوونی لە ژمارەیەک چەکدار و ژنە چەکداری پێشووی داعش وەرگرتوەتەوە، بەڵام ئێسپەر ئەوە بە چارەسەر دانانێت.
