زەریف: سزاکانی ئەمریکا تیرۆریی ئابورین
بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبییە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ محمد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەتویتێکدا رایگەیاندوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هیچ نیە جگە پاسەوانی زیندان.
سزاکانی ئەمریکای بە تیرۆریی ئابوری ناوبردوە
وەزیری دەرەوەی ئێران سزاکانی ئەمریکای بە " تیرۆریی ئابوری" ناوزەندکردوە و رایگەیاندوە ئەو وەزارەتە تەنها پاسەوانی تیرۆرە ئابورییەکانی ئیدارەی ترەمپ دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، درەنگانێکی دوێنێ ئێوارە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 16 دامەزراوە و 10 کەسایەتی و 11 کەشتی نەوتهەڵگردا سەپاند، ئەوەش بەبیانوی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە کە خراوەتە لیستی رەشی ئەمریکاوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاویکردۆتەوە سزاکانی ئەمریکا هەریەک لەئاژانسی بۆشایی ئاسمان، ناوەندی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمان، پەیمانگای توێژینەوەی ئەستێرەناسی ئێران کراونەتە ئامانج.
لای خۆشییەوە، مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، رێگەیاند، ئەمریکا رێگەنادات بەرنامەکانی بۆشایی ئاسمان بۆ پەرەپێدانی موشەکی بالیستیکی بەکاربهێنرێت.
هاوکات، بریان هوک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ پرسی ئێران رایگەیاندوە زۆرترین سزای ئابوری دەخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و پێیانوایە ئەوە باشترین رێگایە کە ئەو وڵاتە ناچاردەکات بگەڕێتەوە بۆ رێکەوتنە ئەتۆمییەکە.
وتیشی، سزاکانی ئەمریکا ئەو مافە نادات بەئێران کە پابەند نەبێت بەرێکەوتنەکە و بەهیچ جۆرێکیش رێگە بەو ڵاتە نادات دەستی بەچەکی ئەتۆمی بگات.
بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە هەر لایەنێک هاوکاری ئێران بکات یان بازرگانی لەگەڵ بکات دەخرێتە لیستی رەشەوە.
خەندان
