سوید: ئێران حەوت کارمەندی کەشتییە بارهەڵگرە بریتانییەکەی ئازادکرد
باڵیۆزخانەی سوید لە تاران ئازادکردنی حەوت کارمەندی کەشتیە بریتانییەکەی پشتڕاست کردوەتەوە
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، مارگۆت ڤاڵسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، باڵیۆزخانەی سوید لە تاران ئازادکردنی حەوت کارمەندی کەشتیە بریتانییەکەی پشتڕاست کردوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "دڵخۆشم پێتان رابگەیەنم ژمارەیەک لە کارمەندانی کەشتیەکە ئازاد کراون، هیوادارم سەرجەمکارمەندەکانی دیکەی کەشتیەکە و کەشتیەکەش ئازاد بکرێن".
سوپای پاسدارانی ئێران لە 19ی مانگی تەموزدا دەستی گرت بەسەر کەشتیەکی بارهەڵگری بریتانیدا کە کۆمپانیایەکی سویدی خاوەنیەتی
سوپای پاسدارانی ئێران لە 19ی مانگی تەموزدا دەستی گرت بەسەر کەشتیەکی بارهەڵگری بریتانیدا لە گەروی هورموز کە کۆمپانیایەکی سویدی خاوەنیەتی، ئەمەش دو هەفتە دوای ئەوەی بریتانیا لە جەبەل تاریق دەستی گرت بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری ئێرانیدا و دواتر لە مانگی هەشت کەشتیەکەی ئازاد کرد.
لە دوای دەستبەسەرگرتنی کەشتیەکەوە سوید رۆژانە لە پەیوەندییدا بوە لەگەڵ ئێران
ڤاڵسترۆم وتیشی، لە دوای دەستبەسەرگرتنی کەشتیەکەوە سوید رۆژانە لە پەیوەندییدا بوە لەگەڵ ئێران.
رونیشیکردەوە، "ئەوە بابەتێکی گرنگ بو لە خشتەی کارەکانمدا کاتێک لە ستۆکهۆڵم چاوم بە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کەوت، سەرەڕای ئەوەی ئەم کەشتیە ئاڵای بریتانیای هەڵکردبو، بەڵام ئێمە وەکو یارمەتیەک ئەوەی لەتواناماندا بووکردمان".
خەندان
