بەهۆی عوسمانییەکانەوە شەڕێکی دیپلۆماسی لەنێوان تورکیا و لوبنان هەڵدەگیرسێت
بەهۆی یادکردنەوەیەکی مێژوویی پەیوەندیدار بە عوسمانییەکانەوە، شەڕێکی دیپلۆماسی لە نێوان لوبنان و تورکیا هەڵدەگیرسێت.
رۆژی شەممە 31-8-2019، میشال عۆن، سەرۆکی لوبنان لە وتارێکدا بەبۆنەی یادی 100 ساڵەی رزگاربوونی وڵاتەکەی لەژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی (تورکیای ئێستا)، وتارێکی پێشکەش کردن و رایگەیاند، لوبنانییەکان بەردەوام هەوڵی رزگارییان دەدا، بەڵام عوسمانییەکان بە توندوتیژی و کوشتن و دروستکردنی کێشەی ناوخۆیی، وەڵامی لوبنانییەکانیان دەدایەوە.
رۆژی یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی دەرکرد و هێرشی کردە سەر وتارەکەی میشال عۆن و سەرکۆنەی دەرخستنی ”راستییە مێژووییەکان“ی لەلایەن عۆنەوە کرد.
رۆژی دواتر، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان نیگەرانیی وڵاتەکەی لەبارەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەربڕی و رایگەیاند، ”ئەو شێوازە هەڵسوکەوتە لەگەڵ سەرۆک عۆن رەت دەکەینەوە“، کە عۆن باسی لە ”رووداوە راستییە مێژووییەکان“ی وڵاتەکەی کردووە.
هەروەها رۆژی سێشەممە 3-9-2019، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، کە هاکان چاکل باڵیۆزی تورکیا لە بەیرووت بانگهێشتی وەزارەتەکە کراوە و داوای روونکردنەوەی لەبارەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و ”راستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەنجامی داوە“، لێ کراوە.
باسنيوز
