ئەمریکا سێ ناوەندێکی دیکەی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانەوە

 ئەمریکا سێ ناوەندێکی دیکەی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانەوە
بەرپرسانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دوێنێ سێشەممە ٣ی٩ی٢٠١٩ ڕایان گەیاند سێ ناوەندی ئاسمانیی ئێرانیان خستووەتە لیستەی گەمارۆکانی ئەو وڵاتەوە.



بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئەمریکا ئەو ناوەندانەی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر، بریتین لە: ڕێکخراوی ئاسمانیی ئێران، توێژینگەی ئاسمانپێویی ئێران و ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئاسمانیی ئێران.



ڕێکخراوی ئاسمانیی ئێران، ناوەندێکی حکوومەتییە و بەشێکە لە وەزارەتی پەیوەندییەکان و توێژینگەی ئاسمانیی ئێرانیش ناوەندێکی دەوڵەتیی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵایە و ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئاسمانیش بەشێکە لەو توێژینگەیە. لەمبارەوە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە کە گەمارۆخستنە سەر ئەو ناوەندانەی ئێران لەپێناو گوشارهێنان بۆ ڕاگرتنی بەرنامەی ناوکیی ئەو وڵاتە جێبەجێ کراوە.



مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە یەکەم جارە کە ڕێکخراوی ئاسمانیی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆی دەخرێتە سەر و جەختی کردووەتە واشنتۆن ڕێگە بە ئێران نادات لە ناوەندە ئاسمانییەکانی بۆ داپۆشینی "گەشەدان و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک" کەڵک وەربگرێت.



لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا ئاماژە بە "تەقینەوەی سەکۆی مانگی دەسکردی ناهید"یش ئاماژە کراوە و دەڵێت بۆ هەناردنی مانگێکی دەسکرد بۆ ئاسمان، ئێستا بووەتە هەڕەشەێکی جدی.



باسنیوز
Top