وەزیری ناوخۆی تورکیا هەڕەشە لە ئیمامئۆغڵو دەکات

وەزیری ناوخۆی تورکیا هەڕەشە لە ئیمامئۆغڵو دەکات
وەزیری ناوخۆی تورکیا هەڕەشەی لە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەکات و دەڵێت "ئەگەر کاری خۆت بکەی جێگەت لەسەر سەر و سەر چاومانە، بەڵام ئەگەر بە کاری دیکەوە سەرقاڵ بیت پارچە پارچەت دەکەین".

لەمیانی گوتارێکی لە بورسا، سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رەخنەی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ گرت بەوەی سەردانی سەرۆکی گەورەشارەوانیی لەکارلادراوی ئامەدی کردووە.

سۆیڵو کە رووی دەمی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کرد و رایگەیاند "لێرەوە دەڵێم، کاری خۆت بکە، شوێنت لەسەر سەرمانە، بەڵام جگە لە کاری خۆت سەرقاڵی کاری دیکە بیت پارچە پارچەت دەکەین. بە روون و ئاشکرا دەیڵێم. بە ناوی ئەم وڵاتە و ئەم گەلە، راست و چەپی لێناکەین".

ئەو وەزیرە، سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپەی بە دامەزراو لەلایەن قەندیل ناوبرد، رەخنەی لە دەستەواژەی "هاوسەرۆک'' گرت و جەختیکردەوە پاشەکشێ لەو هەڵوێست و هەنگاوە ناکەن.

دوای ئەو گوتانە، ئۆزگور ئۆزەل، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر وەڵامی سۆیڵوی دایەوە و نووسیوێتی "سۆیڵو لەلایەن گەلەوە هەڵنەبژێردراوە، بەڵکو بوکەڵەیەکی جووڵاوە و لە شوێنی خاوەنەکەی سووکایەتی و هەڕەشە دەکات".

بە گوتەی ئۆزگسەرور ئۆزەل "سۆیڵوێکی دامەزرێنراو هەڕەشە لە ئیمامئۆغڵوێکی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە دەکات، سۆیڵو! تۆ هەڕەشە لە کەسێک دەکەی کە دوو جار وەکو سەرۆکی گەورەشارەوانیی گەورەترین مێترۆپۆڵی جیهان هەڵبژێردراوە، سنووری خۆت بزانە و لە شوێنی خۆت دانیشە".

رۆژی 13ـی ئابی 2019 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەردانی ئامەدی کرد و لەگەڵ سەلجووق مزراکڵی، سەرۆکی گەورەشارەوانیی لەکارلادراوی ئامەد کۆبووەوە.
Top