ئەردۆغان دەسەڵاتی سەرۆك شارەوانیەكانی ئەنكەرا و ئیستەنبۆڵ كەم دەكاتەوە
رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی بڵاوی كردەوە كە هەفتەی رابردوو سەركردایەتیی ئەكەپە لەگەڵ هەموو ئەو سەرۆك شارەوانیانە دانیشتوون كە سەر بە خۆیانن و كۆبوونەوەكەش دوو كاتژمێری خایاندووە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەكەپە ئاشكرای كردووە پلانیان هەیە دەسەڵاتی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ و ئەنكەرا كەم بكەنەوە، لە بەرامبەردا دەسەڵاتی شارەوانیی ناوچەكان زیاد بكەن، بۆ ئەمەش خەریكی ئامادەكاری تەواون.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی (حوریەت)، دوای ئەوەی بۆچوونی شارەزایان لەم رووەوە وەردەگرن و دەگەنە خاڵی كۆتایی بۆ ئەو مەبەستە، ئیدی پڕۆژەكە دەبەنە بەردەم رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا و دوای ئەوەی رەزامەندی لەسەردا، ئەوكات لە چوارچێوەی پڕۆژەیەك دەیبەنە پەرلەمان بۆ دەنگدان.
لە پڕۆژەكەی ئەكەپەدا، دەسەڵاتی تەواو دەدرێتە سەرۆكی شارەوانیی ناوچەكان، بە شێوەیەك بۆیان هەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆكی شارەوانی، بتوانن بودجە خەرج بكەن.
ئەم هەوڵەی ئەكەپە بۆ ئەوەیە تا بتوانن لەو رێگەیەوە بودجەی ئەنكەرا و ئیستەنبۆل لە دەستی سەرۆكی شارەوانی دەربهێنن، چونكە ئەكەپە لە ناوچەكانی سەر بەو دوو شارە براوەی هەڵبژاردنە، بەڵام سەرۆكی شارەوانی لە دەستی ئۆپۆزسیۆندایە، بۆیە دەیەوێت لەو رێگەیەوە دەسەڵاتی سەرۆكی شارەوانی كەم بكاتەوە و قورسایی لاواز بكات.
باسنيوز
