فرەنسا 15 ملیار دۆلار دەداتە ئێران

 فرەنسا 15 ملیار دۆلار دەداتە ئێران
رۆژنامەیەكی ئەمریكی ریاگەیاند، لەپێناو رزگاركردنی رێككەوتنە ئەتۆمیەكە فرەنسا بڕی 15 ملیار دۆلار دەداتە ئێران.

فرەنسا پێشنیاری قەرەبوكردنەوەی پارەی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی كردوە

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز-ی ئەمریكی، لە راپۆرتێكدا رایگەیاندوە "دوێنێ دوشەممە شاندێكی ئێرانی , بە مەبەستی تاوتوێكردنی كێشەی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە لەگەڵ بەرپرسانی فرەنسا لە پاریس-ی پایەتەختی فرەنسا كۆبونەتەوە و لەپێناو پابەندبونی ئێران بە بڕگەكانی رێككەوتنەكە، فرەنسا پێشنیاری قەرەبوكردنەوەی پارەی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی كردوە".

لەبەرامبەردا ئێران پابەنددەبێت بە بڕگەكانی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەوە

رۆژنامەكە زانیاری لە راگەیاندنەكانی ئێران و بەرپرسێكی ئەمریكیەوە وەرگرتوە و ئاماژەی بەوەكردوە "لەپێناو گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمیەكە، فرەنسا بڕی 15 ملیار دۆلار وەك قەرەبوی ئەو بڕە نەوتەی ئێران نەیتوانیوە بیرفرۆشێت دەداتە ئەو وڵاتە و لەبەرامبەریشدا ئێران پابەنددەبێت بە بڕگەكانی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەوە".

هەوڵەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ فشارخستنە سەر ئێران لاوازدەكات

بە گوێرەی نیویۆرك تایمز، بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەت یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەوباریەوە رایانگەیاندوە "هەوڵەكانی فرەنسا كە وا دەردەكەوێت وڵاتانی دیكەی ئەوروپاش پشتگیری لێدەكەن، هەوڵەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ فشارخستنە سەر ئێران لاوازدەكات بۆ ناچاركردنی تاران بە گۆڕینی سیاسەتی لە ناوچەكەدا".

لە ئەگەری سەركەوتنی دانوستانەكانی نێوان هەریەك لە فرەنسا و ئێران سەبارەت بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە، تاران دەگەڕێتەوە بۆ بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە و پابەندیەكانی كەمناكاتەوە.

ساڵی رابردو، دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەی نێوان وڵاتەكەی و ئێران كشایەوە و بە دو قۆناغ سزای ئابوری و سیاسی بەسەر تاران و بەرپرسانیدا سەپاند، سەرەتای ئەمساڵیش، ئێران فشاری خستە سەر وڵاتانی ئەوروپا تا پابەندبن بە رێككەوتنەكەوە و تا ئێستا بە ددو قۆناغ پابەندیەكانی خۆی بە رێككەوتنەكەوە كەمكردوەتەوە و هەڕەشەی جێبەجێكردنی قۆناغی سێیەم دەكات.





خەندان
Top