لەسەر قووڵایی ناوچەی ئارام کێشە دەکەوێتە نێوان ئەمەریکا و تورکیاوە
ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن، تاوەکوو ئێستا ئەمەریکا و تورکیا لەسەر قووڵایی ناوچەی ئارام لە سووریا رێکنەکەوتبن، تورکیاش بەو کشانەوەیەی هەسەدە و یەپەگە لە رۆژهەڵاتی گرێسپی لە ناوچەی ( قونەیتەرا، حەشیشە و بیرشوان) رازی نییە و دەیەوێ ئەو هێزانەی گرێدراوی پەکەکە بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر رۆژهەڵاتی فورات چۆڵ بکەن، جگە لەوەش پێی ،وایە ئەو کشانەوەیەشیان بە قووڵایی 5 کیلۆمەتر لەو ناوچانە تاکتیکی بێت.
هاوکات سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانیش ئەوە ئاشکرا دەکەن، کە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرکۆماری تورکیا بە سەردانەکەی بۆ رووسیا، رەزامەندیی ئەو وڵاتەی بە راگرتنی شەڕ لە ئیدلیب لەلایەن رژێمی سووریاوە بۆ سەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی گرێدراوی تورکیا بەدەست هێنابێت، رەزامەندییشی وەرگرتبێت لەسەر ئەو هێرشەی، کە چاوەڕوانکراوە بیکاتە سەر رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا، لەدۆخێکدا ئەگەر لەگەڵ ئەمەریکا رێککەوتنی سەبارەت بە پێکهێنانی ناوچەی ئارام نەگات بە خاڵی کۆتایی، یان بەو شێوەیە نەبێت، کە دەیخوازێت.
لەکاتێکدا، کە لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاکانی نزیک له پەکەکە بڵاویان کردەوە، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەپەگە تونێلەکانی بەرگرییان لە رۆژهەڵاتی گرێ سپی لە ناوچەکانی (قونەیتەرا، حەشیشە و بیرشوان ) لەناو بردووە و سێیەم کاروانی هێزەکانیشیان لەو ناوچەیە کشاندووەتەوە، کە ئەوەشیان لەژێر سەقفی رێککەوتنەکانی ئەمەریکا و تورکیا سەبارەت بە پێکهێنانی ناوچەی ئارام، ئەنجام داوە.
لەمبارەیەوە، کاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، بۆ (باس) روونی کردەوە، وڵاتانی زلهێز بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن لە سووریا، بەڵام کورد دەبێت لە رێگەی دیپلۆماسی و پڕۆژەی تایبەتەوە شوێنی مافەمانی خۆی بکاتەوە و قەناعەت بە وڵاتان بهێنێت، کە بەبێ مافەکانی گەلی کورد لەو وڵاتە، ناتوانرێ ئارامی و ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان پێکبهێنرێت. گوتیشی: “تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا بۆ ناوچەی ئارام تەنیا یەک کێشەی نییە ،کە ئەویش قووڵایی ناوچەکە بێت، زۆرن ئەو کێشانەی، کە لەنێوان ئەمەریکا و تورکیا پێویستیان بە یەکلابوونەوەیە، بەڵام بابەتی قووڵایی ناوچەکە کێشە جەوهەرییەکەیە، کە تا ئێستا لەسەری نەگەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی، ئەوەش لەبەر بوونی پەکەکە نییە لەو ناوچەیە، بەڵکوو ئەمەریکا رۆژهەڵاتی فورات بە ناوچەی خۆی دەزانێت و هەر هاتنەپێشەوەیەکی هەر هێزێک، رووسیا یان ئێران یان تورکیا بێت، ئەوە بە دەستدرێژیکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی و هەژموونی خۆی لێکدەداتەوە، لەبەرئەوە تورکیا ئەوە دەزانێت و هەر بەو هۆیەشە هاوشێوەی عەفرین، هێرشی نەکردووەتە سەر ئەو ناوچانە”.
لەبارەی ئەو کشانەوەیەی هێزەکانی هەسەدە و یەپەگەش، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد، ئاماژەی بەوە دا، لای تورکیا ئەو کشانەوەیە بە تاکتیکی سەیر دەکرێت، چونکە ئەو ئەنجومەنەی ناوچەکەی لە رووی ئەمنی پێسپێردراوە، ئەنجومەنێکی نیشتمانی، یان رێککەوتنی لایەنەکانی لەسەر نییە، گوتی :”تورکیا وای لێکدەداتەوە، ئەو ئەنجومەنە هەر ئەو هێزانەی هەسەدە و یەپەگەی گرێدراوی پەکەکە بێت و بەرگی دیکەیان لەبەر کردبێت”.
کاوە ئازیزی، جەختی لەسەر ئەوەش کرەوە، ئەوان وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانی کورد، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە سووریا و ئارامیی بۆ رۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە، گوتی: “پڕۆژەی خۆمان داوەتە ئەمەریکا، رووسیا، ئەڵمانیا، بەریتانییەکان و وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە، کە ناوەرۆکەکەی ئەوەیە، ئەو ناوچەیە بدرێتە دەستی لایەنێکی ناونەتەوەیی و ئەنەکەسە تیایدا شوێنی هەبێت و لەشکری رۆژیش بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، کە بە بڕوای ئێمە، تەنیا ئەو پڕۆژە زامنی مافەکانی گەلی کوردستان دەکات لە سووریا و ئارامییش بۆ ناوچەی ئارام و باکووری سووریا دەستەبەر دەکات”.
باسنیوز
