ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له كابوڵ بووه هۆی كوژرانی 16 كه‌س و برینداربوونی 119 هاووڵاتی
ته‌قینه‌وه‌كه دوای ئه‌وه دێت، له چه‌ند رۆژی رابردوودا گه‌ڕی نۆیه‌می گفتوگۆكانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر كۆتاییان هات و هه‌ردوولا رایانگه‌یاند، له رێككه‌وتنی كۆتایی نزیك بوونه‌ته‌وه.
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له كاتێكدا سه‌رقاڵی دانووستانه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، به‌رپرسیارێتی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی كابوڵی گرته ئه‌ستۆ.
نه‌سره‌ت ره‌حیمی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ژماره‌ی قوربانییه‌كان زیاتر بێت، چونكه ته‌قینه‌وه‌كه بووه‌ته هۆی وێرانبوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له خانووبه‌ره‌ی هاووڵاتیان.
گوتیشی: ته‌قینه‌وه‌كه، كۆمه‌ڵگه‌ی گرین ڤیلیجی گرتووه‌ته ئامانج، كه ژماره‌یه‌ك خانووی میوانداری و رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی تێدان.
ئاژانسی ئه‌سۆشێیتید پرێس له سه‌ر زاری بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان بڵاویكرده‌وه، ته‌قینه‌وه‌كه بیانییه‌كانی كردووه‌ته ئامانج.
له مانگی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشدا له رێگه‌ی بارهه‌ڵگرێكه‌وه ئه‌و ناوچه‌یه كرایه ئامانج و به هۆیه‌وه چوار كه‌س كوژران و 90ی دیكه بریندار بوون.
K24
