زاڵمای خەلیلزاد: ئەمەریكا پێنج هەزار سەرباز لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە
ئەو رێککەوتنەی دوای مانگێک لە وتوێژەکان لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان پێی گەیشتون دەبێت پێش ئەوەی واژۆ بکرێت ترەمپ پەسەندی بکات
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، زاڵمای خەلیلزاد، نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان لەبارەی رێککەوتنی شاندی ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنەی دوای مانگێک لە وتوێژەکان لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان پێی گەیشتون دەبێت پێش ئەوەی واژۆ بکرێت سەرەتا لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پەسەند بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لەمیانی گفتوگۆکاندا لەگەڵ شاندی تاڵیبان لەڕوی بنەماوە گەیشتوین بەوەی کە دەمانەوێت".
لە بەرامبەر قۆناغی یەکەمی کشانەوەی ئەمریکادا تاڵیبان پابەند دەبێت بەوەی ڕێگە نەدات چەکدارە توندڕەوەکان خاکی ئەفغانستان بەکاربهێنن، بۆ پلانگێڕان بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
لە ڕێکەوتنەکەدا باس لە ئەنجامدانی وتوێژ کراوە لەنێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستاندا، تاوەکو بگەن بە چارەسەرێکی سیاسیی
هەروەها لە ڕێکەوتنەکەدا باس لە ئەنجامدانی وتوێژ کراوە لەنێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستاندا، تاوەکو بگەن بە چارەسەرێکی سیاسیی بەرفراوان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوانیان.
بەڵام هێشتا تاڵیبان رەتیدەکاتەوە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا بکات و بە "سیستمێکی نایاسایی و بوکەڵەی دەستی ئەمریکا"ی دەزانێت.
هاوکات سدیق سدیقی، وتەبێژی سەرۆکی ئەفغانستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی، "ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان چاوی بە خەلیلزاد کەوتوە و سەیری وردەکاری ڕەشنوسی ڕێکەوتنەکە دەکات".
خەندان-
