زیادکردنی باجی گومرگی لەلایەن ئەمریکا و چینەوە نرخی نەوتی هێنایە خوارەوە

زیادکردنی باجی گومرگی لەلایەن ئەمریکا و چینەوە نرخی نەوتی هێنایە خوارەوە
پاش ئەوەی هەریەک لەئەمریکا و چین بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی سەر کاڵاکانی یەکترییان خستەبواری جێبەجێکردنەوە، نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا داشکاندنی بەخۆوەبینی.

بەپێی هەواڵێک بەهۆی سەپاندنی باجی گومرگی زیاتر لەسەر کاڵاکانی یەکتری لەلایەن ئەمریکا و چینەوە، نرخی نەوتی برێنت 97 سەنت دابەزی و بوبە( 58.28) دۆلار، ئەمە لەکاتێکدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی تەکساسی ئەمریکا 46 سەنت هاتەخوارەوە و لە(54.64) دۆلاردا جێگیربو.

دوێنێ یەکشەممە حکومەتی ئەمریکا بەڕێژەی لەسەدا 15 باجی گومرگی سەر کاڵا هەمە جۆرەکانی چینی زیادکرد و لەبەرامبەریشدا چین باجی گومرگی سەر کاڵا ئەمریکییەکانی زیادکرد، ئەوەش ترس و دودڵی لە بازاڕەکانی جیهاندا دروستکرد و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر گەشەی ئابوری جیهانی دروستکرد و بەهۆیەوە نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکاندا هاتە خوارەوە. لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرەڕای زیادکردنی باج، هێشتا دەتوانن کۆببنەوە و ئەم مانگەش هەردولا چاویان بەیەک دەکەوێت.

دەیەوێت پشتبەستنی هاوڵاتیانی ئەمریکی بەبەرهەمی کۆمپانیا چینییەکان کەمبکاتەوە

لەبارەی هۆکارەکانی زیادکردنی باج لەسەر کاڵا چینییەکان، ترەمپ لەتویتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە دەیەوێت پشتبەستنی هاوڵاتیانی ئەمریکی بەبەرهەمی کۆمپانیا چینییەکان کەمبکاتەوە و هانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیشی دا بەدیلی باشتر بۆ دابینکردنی سەرچاوەی پرۆژەکانیان بدۆزنەوە.
Top